ئەندامانی ئەنجومەنی "سەوزی چیا" بە هاوکاریی خەڵکی ژینگەپارێزی ناوچەی "بەری بەگزادە"، بەبۆنەی گەڕانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان لە وەرزی پاییزدا، دەوروبەری گۆلی زرێبار و ناوچەکەیان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر، ژینگەپارێزانی مەریوان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە چالاکییەکی بەربڵاوی ژینگەپارێزیدا بەبۆنەی گەڕانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان زرێباریان ئامادە و خاوێن ڕاگرت.
لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا منداڵ، مێرمنداڵ، کچان و ژنان بەشداریی چالاکانەیان بووە.
هەموو ساڵێک لەم کاتەدا باڵندە کۆچەرییەکان لە سەرەتای هاتنی وەرزی پاییزدا دەگەڕێنەوە بۆ گۆلی زرێبار، بۆیە ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکان و داکۆکیکاران لە مافی ئاژەڵان بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە پێش گەڕانەوەی ئەو باڵندانە زرێبار و ژینگەی ئەو ناوچەیە خاوێن دەکەنەوە.