کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٥١ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو

23:03 - 12 خەرمانان 2721

دەورەی ٢٥١ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات و جێژنی تایبەت بە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لەو شوێنە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە چیاکانی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر و پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "عومەر غوڵامعەلی" جێگری دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێكی تایبەت بە ڕێوڕەسمی دەورەی ٢٥١ سەرەتایی پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربووانی جێژنەکە کرد.

"غوڵامعەلی" لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "هاوڕێیان، ئەمڕۆش ئەژمێری ساتەکان ڕووپەڕێکی نوێ دەخاتە سەر ڕۆژ ژمێری شێلگیریمان لە بەردەوامیی خەبات، لە کۆڵنەدان و مانەوە و گەشەمان، لە پێگەیشتن و سووربوونمان لەسەر دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانمان. ئەو ماف و ئازادییانەی لەم سەردەمە نوێیەی ژیانی سیاسیی گەلەکەماندا پتر لە ٤٢ ساڵە لەلایەن ڕێژیمێکی کۆنەپەرست و نائەمڕۆییەوە، سەدەنێوەڕاست ئاسایی هەوڵ دەدا بە شەڕ و کاولکاری،بە تێرۆر و تۆقاندن و بە زەبر و زەنگ و زیندان، زەوت و پێشێلی بکات و ئەو داگیرکارییە بکاتە ڕاستییەکی سەپاو بەسەر نیشتمان و نەتەوەکەماندا. بەڵام ئەو خەون و خەیاڵە بۆ هیچ داگیر کەرێک نەلواوە".

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی ئامووزشی دەورەی ٢٥١ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن "شۆڕش نەزەری" مامۆستای فێرگەی پێشکەش کرا.

پاشان شێعرێک لەژێر ناوی "پێشمەرگە و گەلاوێژی" لەلایەن بەشداربوونی دەورە "سالار" پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی دەورەی ٢٥١ی سەرەتایی لە لایەن بەشداربووی دەورە هاوڕێ "سەلاح" خوێندرایەوە.

دواتر سروودێک لە لایەن بەشداربووانی دەورە لە ژێر ناوی سڵاو پێشمەرگەی قارەمان پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵات بە سەر بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کە لە بواری نەزم و دیسیپلین و هەروەها وانەکان، نێونجیی نمرەکانیان بەدەست هێنابوو دابەش کرا.

لە بواری تاقیکاریی سیاسی و نیزامیدا هاوڕێیان "سەلاح مووسەویی قاسملوو، سومەیە کەریمی و شێرکۆ کارساز"خەڵات کران.

خەڵاتەکان لەلایەن "فەتحوڵڵا خوبایی" یەکێک لە فەرماندە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کرد.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵات بە سەر بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کە لە بواری نەزم و دیسیپلین نێونجیی نمرەکانیان بەدەست هێنابوو دابەش کرا.

لە بواری نەزم و دیسیپلیندا هاوڕێیان "کەیوان پەیغامی، فەرزین مەعرووفی و بەهمەن شوکری" خەڵات کران.

خەڵاتەکان لەلایەن "لوقمان عەبدوڵڵا زادە" یەکێک لە فەرماندە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەک لەلایەن هاوڕێیان "شێرکۆ و کارۆ" لە بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەوە کۆتایی پێهات.