کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢١١ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات

16:09 - 14 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دەورەی ٢١١ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان لە رێورەسمێکدا کە لەلایەن کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتەوە بەڕێوەچوو، کۆتایی پێهات.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، دەورەی ٢١١ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان و هەروەها میوانان لە فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتوویی‌یەوە کۆتایی پێهات.
رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١١ی سەرەتایی پێشمەرگە لە سێ بڕگەی رێژەی نیزامی، بڕینی مەیدانی مەوانع و نێو هۆڵی فێرگە بەڕێوەچوو.
بڕگەی یەکەمی ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن بەشدارانی دەورەوە دەستی پێکرد و پاشان بە نمایشی رێژەی نیزامی و شەڕی سەرنێزەی بەشداران کەلە چەند مانگی رابردوودا راهێنانیان لەگەڵ کرابوو، بەڕێوەچوو.
پاشان بەشدارانی دەورە بە بڕینی مەیدانی مەوانعی تایبەت بە فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکرات، لێهاتوویی خۆیان بۆ ئامادەبوان نمایش کرد.
بڕگەی سێیەمی رێوڕەسمەکە لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردە بەڕێوەچوو کە چەندین بڕگەی لەخۆ گرتبوو:
سەرەتا \'\'کاوە جەوانمەرد\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢١١ی سەرەتایی پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
ناوبراو سەبارەت بە پێناسەی مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی بیرمەند و بەتایبەت مرۆڤی شۆڕشگێڕ بۆ بەشداران دوا و گوتی: ئەوەی روون و ئاشکرایە هەتا ئیستا دەیان پێناسە لە مرۆڤ کراوە بە چەشنێک کە مرۆڤ گیانلەبەرێکە کە توانای بیرکردنەوە، هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی هەیە. مرۆڤ بە بیرکردنەوە، بوون و مەوجوودیەتی خۆی پێناسە دەکاتەوە و شێوازی بیرکردنەوەی توانا بەو مرۆڤە دەدات کە هەڵبژێرێت و هەروەها شێوازی هەڵبژاردنیش رێژەی کاریگەریی مرۆڤەکان دیاری دەکات.
وتیشی: توانای دیاریکردنی ویست و ئامانج و ساغبوونەوە لەسەر ئەو ئامانجانە و هەڵگرتنی هەنگاوی دروست لەو رێگایە وەکوو تاکێک کە خاوەنی بیر و هزر و گۆرانکارین، جیاوازیی ئێمە لەتەک بوونەوەرەکانی دیکە دەردەخات و کۆبوونەوەی ئێمەش لێرە وەکوو کۆمەڵە مرۆڤێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو لەوە تێگەیشتوون کە چیمان دەوێ و لە چ پێناوێکدا هەنگاو هەڵدەگرین.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات وتیشی: بێ‌گومان بەردەوامی لە درێژەدان و مانەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کە هەڵمانبژاردووە، بەشێکی گەورە و گرینگی رێگای مرۆڤایەتییە کە بڕیومانە.
دواتر پەیامی دەورەی ئامووزشیی دەورە لەلایەن \'\'رەزا فەتحوڵڵا نژاد\'\' مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا و پاشان پەیامی دەورە لەلایەن یەکێک لە بەشدارانی دەورەکەوە خوێندرایەوە.
لە نێوئاخنی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانە لەلایەن بەشدارانی دەورەکەوە پێشکەش کرا.
لە کۆتاییشدا ئەو بەشدارانەی کەلە باری دەرس و ئەخلاقەوە نموونە بوون، خەڵات کران.