کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورە نیزامییەکانی ڕێکخستنی ئاشکرا کۆتایی پێهات

12:20 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەشی ڕێکخستنی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە هاوکاریی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی نیزامیی بەشکۆدا، کۆتایی بە دەورەی نیزامیی ئەندامانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژ، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورە نیزامییەکانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبیان بەڕێوەبرد.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە، بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەشدارانی دەورە بە خواردنی سوێندی وەفاداری بە کوردستان، ڕێبازی شەهیدان و بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەی کورد، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی دێموکرات، نوێکردەوە.

بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە پێکهاتبوو لە ڕێژەی نیزامیی دەستەکانی ١٤١، ١٤٧، ١٥٢، ۱٥۸ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها دەستەکانی ١٠٢، ١٦٥، ١٧١ و ١٨٨ی هێزی پشتیوانیی پێشمەرگەی کوردستان.

دواتر "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا سپاسی دەزگای ڕێکخستنی حیزبی کرد کە بەو شێوە بەرفراوانە لە ڕاستای زیاتر گرێدانی خەباتی شار و شاخدا کار دەکەن و توانیویانە سەرکەوتن تۆمار بکەن و ڕایگەیاند: "دەستخۆشی لە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب دەکەین کە بۆ یەکەمین جار، بە ڕێکخستنێکی بەهێز لە کارێکی هاوبەشدا، لە قۆناغی ڕاسان، بۆ لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار بە شێوەیەکی فەرمی توانی ئەم دەورە نیزامییانە ڕێک بخات. ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب بە شێوەیەکی فەرمی لە بواری نیزامیدا خۆی بۆ قۆناغەکانی دواتری خەباتەکەمان ئامادە دەکات".

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان جارێکی دیکە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەر چەشنە تێکۆشانێک کە ڕێبەریی حیزبەکەمان پێی بسپێرێت. لە هەلومەرجی ئێستادا هێزی پێشمەرگەی کوردستان پۆتانسیەلی هەموو حەرەکەتێکی نیزامی و شۆڕشگێڕانەی هەیە".

پاشان "دارا ناتق"، جێگری دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب، لەم ڕاساتایەدا وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆ، دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەستپێکی ڕاسانەوە خەبات و تێکۆشان دەکەن.

"دارا ناتق" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوو لە ئەندامانی ئاشکرای حیزب وتی: "ئێوە ئەو هێز و ئیرادە لە خۆبوردووەن کە هاوکات وەک باسکی بەهێزی ڕاسان و قەڵای لەگیران نەهاتووی شۆڕشگێڕی دێموکرات لە ماوەی ئەم چەند ساڵە، بە هەوڵ و تێکۆشان و ماندووبوونی خۆتان، بە ورەیەکی بەرزی شۆڕشگێڕییەوە بەشدار بوون".

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "خەباتی مافویستیی کورد و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش دەستپێکی ڕاسان جۆرێک بێدەنگی باڵی بەسەردا کێشابوو و لە مەعادڵاتی ناوچەییدا پەراوێز خرابوو، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی ئێوە، جارێکی دیکە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا بووە بە پرسێکی گرینگی ناوچەیی و ڕۆحێکی تازەتان بە باڵای بزووتنەوەی کورددا کرد".