کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یاسایی یەمەن داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە لە بەرامبەر تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ بکرێت

12:43 - 23 خەرمانان 2720

''مەعمەر ئەلڕیانی'' وەزیری زانیاری گەیاندنی یەمەن بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە کە لەهەمبەر شەڕی چارەنووسسازی ئەو وڵاتە بە پشتیوانیی هاوپەیمانانی عەرەبی دژی تێرۆریزمی ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی حوسی کە سەر بەو ڕێژیمەن، پشتیوانیی لێ بکرێت.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە میلیشیا چەکدارەکانی حوسی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، هەر وەکوو ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و داعش بۆ ناوچەکە مەترسیدار بووە و پرۆژەکانی ڕێژیمی ئێران لە ''دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب'' بەربەستی بۆ بازرگانیی جیهانی دروست کردووە.

''ئەلڕیانی'' لەو بەیانییەیەدا بەنیسبەت لێکەوتەکانی کارەساتباری شۆردنەوەی مێشک دژی دەیان هەزار منداڵ کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجام دەدرێت و هەروەها هەوڵی ئەم گرووپە بۆ بارهێنانی بەرەیەک بە بیری تێرۆریستی هۆشداریی داوە.

ناوبراو هەوڵە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە تێرۆریزم، بنبڕکردنی سەرچاوەی سیاسی، ئیدئۆلۆژی و ماڵیی ئەو گرووپانەی لە ڕاستای بەهێزکردنی ئەمنییەت و ئاشتیی نێونەتەوەیی بە پێویست زانی.

''ئەلڕیانی''  لەو بەیانییەیەدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕووداوی ١١ی سێپتامبر باسی لەوە کرد، میلیشیا حوسییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت لە ڕێگای خاکی یەمەنەوە وەکوو شوێنێک بۆ چالاکییە تێرۆریستییەکانیان، کردنە ئامانجی وڵاتانی دراوسێ بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران و بەڕێوەبردنی هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران، مەترسییەکی جیددیی بۆ ناوچەکە دروست کردووە.