
عەلی شەریعەتی ئەندامی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە دەوڵەت و خەڵکی عێراق لە دەستێوەردانەکانی ئێران لەو وڵاتە بێزارن و بوونی ئێران لەو وڵاتە بە زیانبار دەزانن.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی ڕێژیم هەروەها زیادی کردووە، هۆکاری ئەوەی کە عێراق لە دەستێوەردانی ئێران بێزارە، سەپاندنی هێژمۆنی و دەسەڵاتی ئێرانە لەو وڵاتەدا.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی، بەهۆی ڕۆڵی خراپی ئێران لە عێراق، چالاکیی بازرگانیی ئێران لەو وڵاتە تووشی کێشە بووە.
بەهۆی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت عێراق، خەڵک و دەوڵەتی ئەو وڵاتانە وەزاڵە هاتوون و ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی ڕۆژڕەشی و سەرچاوەی نەهامەتیی خۆیانی دەزانن.