باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئیسرائیلدا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام هەڵویستی گرتووە و ئەو وڵاتەی لە گەڕانەوە بۆ بەرجام لۆمە کردووە.
"دەیوید فریدمەن" باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئیسرائیلدا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" سەبارەت بە بڕیاری "جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا وتوویەتی: "هیچ مرۆڤێکی عاقڵ ناگەڕێتەوە ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران".
ناوبراو کە بە وتەی "ئۆرشەلیم پۆست" لە بەرپرسایەتییەکەی نەماوە بڵاوی کردووەتەوە: "زۆرینەی ئەوانەی کە بایدن بۆ کابینەکەی خۆی هەڵیبژاردووە، هەر ئەوانەن کە ڕۆڵی بنەڕەتییان لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥دا هەبووە، بەڵام دەبێ سەرنجیان هەبێت کە بارودۆخ لەگەڵ ئەو کاتەی کە بەرجام واژۆ کراوە جیاوازیی زۆرە".
هەروەها "نیکی هێلی"، نوێنەری پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بایدن دەبێ ئەو گەمارۆیانەی کە ئێمە دامانناوە، وەکوو کارتی گوشار بەکاری بێنێت.گەڕانەوەی خێرا بۆ بەرجام، هەڵپەڕین بە سازی ئێرانە و لە درێژماوەدا زیاتر مەترسیدار دەبێت".