کوردستان میدیا: دەیەمین ساڵ بەسەر مەرگی "قالە مەڕە"، شمشاڵژەنی ناوداری کورد و یاری هەمیشەیی حیزبی دێموکرات، تێدەپەڕێت.
"قادر عەبدوڵڵازادە"، ناسراو بە "قالە مەڕە"، ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی كولیجەی سەر بە بۆكان، هاتۆتە دونیاوە و لە پەنجاكان و ساڵانی دواتردا، لە ناوەندەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی كرماشان، سنە، تاران، مەهاباد و ورمێ بە دەنگی ئەفسوناوی و بەربڵاوی شمشاڵەكەی، چەندین پارچە موزیكی جوان و ڕەسەنی پێشكەش كردووە و هونەری موزیكی كوردیی بە شكۆیەكی بێوێنەوە هێناوەتە گۆڕەپانی هونەرییەوە.
ناوبراو لە ساڵی ١٩٤٥دا پەیوەندی بە كۆماری کوردستانەوە گرتووە و دۆستایەتییەكی نزیكی لەگەڵ هەر دوو شاعیری بەناوبانگی کورد، مامۆستایان "هەژار" و "هێمن"دا هەبووە. قالە مەڕە هەمیشە لە خەباتی كورددا بەشداریی كردووە و هاوڕێ و هاوشانی تێكۆشەران بووە تا سەردەمانی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە نهێنی لەگەڵ بزوتنەوەی كورد و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا بووە و هەتا مەرگی یاریی هەمیشەیی و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بووە.
گرنگیی شمشاڵەكەی قالە مەڕە لە ئاستێكدایە كە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەیانتوانیوە خۆیان لە هونەرەكەی لادەن، بەڵكوو وەک بلیمەتێک باسی قالە مەڕه دەكەن. ئەنوەر قەرەداغی، ئاوازدانەر باسی قالە مەڕە دەكات كە خاوەنی پەنجەیەكی كورتی ڕەسەن بووە، وەك خۆی دەڵێت: "كەم كەس هەیە بەم شێوازە بتوانین دەستی بۆ درێژ بكەین، زۆر پێویستە ئێمە بەو پەڕی ڕێزەوە و بەو پەڕی گەورەییەوە بڕوانینە مامە قالە و ئەزموونی ژیانی ئەو بكەینە نوسراوەیەک و لە كتێبەكاندا بڵاوی بكەینەوە، تا نەوەكانی داهاتوومان دەیان ماستەرنامە و دكتۆرانامەی لەسەر بنوسن."
قالە مەڕە لە ماوەی ساڵانی كار و ڕاژەی هونەری خۆیدا، لە زۆربەی میهرەجانە گرنگەكانی بواری هونەری موزیک لە وڵاتی ئێران و کوردستاندا بەشداریی كردووە، لەوانەش لە میهرەجانی موزیكی ناوچەكانی ئێران لە كرمان و لە بۆنە و میهرەجانەكانی سنە، كرماشان، ئیلام، ورمێ، مەهاباد، سەقز، بۆكان و لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بەشداریی كردووە و چەندین خەڵات و شانازیی گەورەی بەدەست هێناوە.
قالە مەڕە، ھونەرمەندی میللی و شمشاڵژەنی ناوداری كوردستان، شەوی پێنجشەممە، ٢١ی ئایاری ٢٠٠٩، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، بە هۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن لە ماڵەكەی خۆی لە شەقامی "مامۆستا هێمن"دا لە شاری بۆكان، كۆچی دوایی كرد و ڕۆژی دواتر، بە بەشداریی هەزاران كەس لە هاوڵاتیانی بۆكان و شارەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تەرمەکەی لەسەر وەسیەتی خۆی لە داوێنی ناڵەشكێنە لە تەنیشت گۆڕی هونەرمەندی مەزن، "حەسەن زیرەک"، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.