کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راوچییەکی دیکەی کورد لە جوانڕۆ پەیوەست بە بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی کوردستان بوو

17:38 - 26 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: راوچییەکی بەپێشینەی کورد لە جوانڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێز بۆ هەمیشە وازی لە راوکردن هێنا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، مێهدی رەحمانی کۆنەڕاوچیی خەڵکی شارستانی جوانڕۆ بە ئامادەبوونی حەشیمەتێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە و دەورەبەری، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان، بە شکاندنی چەکەکەی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کوردستان ئاشت بووەوە و پەیوەست بە بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی کوردستان بوو.

ئەو راوچییە کوردە کە هەنووکە یەکێک لە پارێزەرانی سروشت و ژینگەی کوردستانە، سەرەڕای شکاندنی چەکەکەی، قەفەسەکانیشی سووتاند و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە راو و کەوەڕاو کرد.

لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ لە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە رۆڵێکی کاریگەرییان هەبوو.

رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت و شکاندنی چەک، مانگی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە گوندی دەرەکێ سەربە شارستانی سەوڵاوا بە شکاندنی چەکی \'\'ئەحمەدی عەزیزی\'\' دەستی پێکرد و کەمتر لە سێ مانگی سەرانسەری کوردستان گرتەوە.

چەکی سەوز ناوێک بوو کە بۆ چەکە شکاوەکان دیاری کرا، بەو واتایە کە چیدیکە لە لوولەی ئەو چەکانەوە ئاژەڵانی کوردستان ناکوژرێن و دەبنە پارێزەری ژینگەی کوردستان.

وێنە/ جوانڕو هەواڵ