کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی دووهەم و کۆتایی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:27 - 13 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش دوو رۆژ کاری بەردەوام بە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕیوەبەریی گشتی کۆتایی پێهات.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوا‌نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی ژنان بە بۆنەی کردنەوەی کۆنگرەی ٣ی ئەو یەکیەتییە، کاتژمێر ١:٣٠ خولەک، کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان، بەفەرمی بەرنامەی کاریی خۆی دەست پێکرد و لە ماوەی دوو رۆژی کاری کۆنگرە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.

راپۆرتی دانیشتنی یەکەم تا چوارەم پێشتر لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بووەتەوە.

دانیشتنی پێنجەم و شەشەم

لە دانیشتینی پێنجەمی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، راپۆرتی کار و چالاکییەکانی ژنان لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات (ئورووپا و ئامریکا) پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی پیرۆزبایی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن منیرە کانی سەیرانیـەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی بەرنامەی کاریی کۆنگرەکەدا، کە کاروچالاکیی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە وردی باسی لێوەکرا و پاشان لەلایەن کۆنگرەوە دەنگی وەرگیرا.

دواتر، پەیامی پیرۆزبایی رێکخراوی نینا بۆ کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنان،  کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن، لەلایەن گزینگ سۆفی زادەوە خوێندرایەوە.

پاشان، پەیامی پیرۆزبایی رێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان K.J.K لەلایەن حەلیمە قادریوە پێشکەش کرا.

لە کۆتایی دانیشتنی پێنجەمدا، پەیامی پەرویز رەحیم قادر مامۆستای زانکۆ و چالاکی سیاسی، لەلایەن بەهار رۆستەمیـەوە خوێندرایەوە.

دانیشتنی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەم

دانیشتنی حەوتەم تا نۆیەم کۆنگرە‌ی یەکیەتیی ژنان،  کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن، بۆ پێداچوونە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو.

لەم بەشە لە کۆنگرەکەدا، پاش خوێندنەوەی بەش بە بەشی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی پێشنیارکراوی کۆمیتەی بەڕیوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوو بۆ کۆنگرەی سێ و وەرگرتنی را و تێبینی ئەندامانی کۆنگرە و گونجاندنی بۆچوونەکان و خستنە بەر دەنگدان، بەرنامەی و پێڕەوی نێوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی ٣ ئامادە کرا.

لەم دانیشتنەدا پەیامی ماڵپەری پێشمەرگەکان لەلایەن شنە دروودگەر و هەروەها پەیامی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات لەلایەن زەکیە سدقی‌ـوە خوێندرایەوە.

دانیشتنی دەیەم


لە دانیشتنی دەیەمی، (دانیشتنی کۆتایی کۆنگرەی ٣ی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵبژێردران.

پاش هەڵبژراندن بە پێی بڕیاری کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنان، ٩ کەس وەکوو ئەندامی بەڕیوەبەریی ئەسڵی و ٥ کەسی دیکەش وەکوو ئەندامی جێگری بەڕێوەبەری هەڵبژێردران.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاند که فاتمە عوسمانی، رۆژین بەهرامی، بەهار رۆستەمی، نەرمین عوسمانی، شنە ساڵحی، شنە دروودگەر، مەهتاب خزری، چۆپی مروەتی و زەکیە سدیقی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە وەکوو ئەندامی بەڕیوەبەریی ئەسڵی هەڵبژێردران.

دەستەی بەڕێوەبەریی ئەسڵی یەکیەتیی ژنان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێهەم، یەکەم دانیشتنی خۆیان لە ساڵونی بەڕوەبردنی کۆنگرەکە بەڕێوەبرد و فاتمە عوسمانی، بە هەڵبژرادن لە دەستەی بەڕێوەبەریدا، وەکوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردرا.

پاش دوو رۆژ کاری بەردەوام، وەرگرتنی مەشرووعییەت بۆ کۆنگرەی سێهەم و ناو، ئارم و دروشمی ئەو کۆنگرەیە، پێشکەش کران و وەرگرتنی دەنگ بۆ راپۆرتی کۆمەڵایەتی ــ سیاسیی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوو، پێشکەش کردنی و وەرگرتنی دەنگ بۆ راپۆرتی کار و چالاکی، راپۆرتی کار و چالاکییەکانی ژنان لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات (ئورووپا و ئامریکا) و شیکردنەوە و باس لەسەر بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ و هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێرناوی کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن و بە دروشمی پێشەنگی ژنی کورد لە پێناو دوارۆژێکی ئازاددا، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.