کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ چوونە سەری رێژەی تووشبوان بە ئیدز لە پارێزگای سنە جێگای نیگەرانییە

19:13 - 12 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: زانكۆی زانسته پزیشكییەکانی پارێزگای سنە رێژەی ئەو كەسانەی كە لە رێگای جنسیەوە تووشی نەخۆشی ئیدز بوون خستە روو.
بەپێی ئەو ئامارە لە پارێزگای سنە و تەنیا لە رێگای جنسیەوە ٤٥٣ كەس تووشی نەخۆشی ئیدز بوون و لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیەش ١٧٤ كەسیان گیانیان لەدەست داوە.
خالید رەحمانی ئەندامی هەیئەتی كارناسی زانكۆی زانسته پزیشكییەکانی پارێزگای سنە بێ‌ ئەوەی ژمارەی گشتیی تووشبوان بە نەخۆشی HIV بخاتە روو رایگەیاندووە، لەسەدا ٨٨‌ی تووشبوان بە نەخۆشی ئیدز لەو پارێزگایە كەسانی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان بوون.
ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستە روو، لە سەدا ٧‌ی نەخۆشەكانی ئیدز ژنان پێكی دێنن.
پێشتریش دكتور حوسێن بیگلەری بەرپرسی نەخۆشییە درمییەكان (واگیر) لە پارێزگای كرماشان ئاشكرای كردبوو، لەو پارێزگایەدا ٣ هەزار كەس تووشی نەخۆشیی ئیدز بوون و زیاترین رێژە لەناو ئەو كەسانە دایە كە تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٥ ساڵە.

لەكۆی گشتیی ئەو سێ‌ هەزار كەسە ٩١% یان پیاوانن و ٩%ی دیكەشیان لە ژنان پێكهاتوون و هەروەها لە سەدا ٦٥ی تووشبوان لە رێگای ئیعتیادی تەزریقی و ١٩%یان لە رێگای پێوەندیی جینسی و خۆ نەپاراستنەوە تووشی ئەو ویرووسە بوون.

رێژەی تووشبوان بە ویرووسی HIV لە ئێران روو لە پەرە سەندن دایە

بە وتەی دوكتۆر مینوو موحەرێز لێپرسراوی ناوەندی توێژینەوەی وەزارەتی تەندروستیی رێژیمی ئێران، بەپێی فۆرمووڵ و پێوەرە جیهانییەكان و بەپێی ئەو حاڵەتانەی كە شناسایی كراون، لە ئێران ١٠٠ هەتا ١٢٠ هەزار كەسی تووشبوو بە ویرووسی HIV بوونیان هەیە.
ئەو ئامارە لە كاتێك دایە كە رێكخراوی نێودەوڵەتی تەندرووستی بڵاوی كردبووە، لە ئێران ٨٠ هەتا ١٠٠ هەزار كەسی دیكەش هەن كە تووشی نەخۆشیی ئیدز بوون، بەبێ‌ ئەوەی كە خۆیان بزانن، یان لەبەر كولتورە نەریتییەكانی كۆمەڵگا دەنگ ناكەن.

لە كۆی ئەو رێژەیەی كەلە ئێران شناسایی كراون ٩١%یان پیاو و ٩%ی دیكەشیان لە ژنان پێكهاتوون و نزیك بە٥٠%ی تووشبوان تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٤ ساڵ دایە.
ناوەندی هاوئاهەنگی بەرنامەی هاوبەشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپورتێكدا بڵاوی كردبووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ دا لە وڵاتی ئێران نزیك بە ٣٧ هەزار منداڵی هەڵگری ویرووسی ئیدز لە دایك بوون .
ئامارە جیهانییەكان

ناوەندەی هاوئاهەنگیی بەرنامەی هاوبەشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، لە حاڵیكدا كە رێژەی تووشبوان بە ویرووسی ئیدز لە چاو ساڵانی رابردوو ١٩% دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بەم حاڵەشەوە هەتا ساڵی 2009 زیاتر لە دوو میلیۆن كەس تووشبوو بەو ویرووسە لە سەرانسەری جیهاندا بوونی هەیە.
ئەو دوو میلیۆن تووشبووە بە ویرووسی ئیدز لە حاڵێك دایە كەلە ساڵی ١٩٩٩ دا ٣/١ میلیۆن كەس تووشبوو بەو ویرووسە هەبوو.
ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوەش داوە كە دیانهەوێ‌ بە هەوڵ و چالاكیی بەردەام ئەو رێژەیە لە ساڵانی داهاتوودا بگەیەننە لە سەدا سفر.