کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگه‌یه‌ندراوی یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆ‌ستایانی کوردستانی ئێران به بۆنه‌ی ده‌ستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (٩٥ -١٣٩٤)

18:04 - 29 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

مانگی رەزبەر هێمای هاتنی وەرزی پاییز و مژدەبەخشی دەسپێکردنەوەی وەرزی خوێندنە. هەموو ساڵێک لەگەڵ یەکەم رۆژەکانی مانگی رەزبەر، جارێکی دیکە لەسەرانسەری ئێران خوێندنگەکان بە رووی قوتابیاندا دەکرێنەوە و بەمجۆرە قۆناغێکی نوێ لەپرۆسەی ژیانی منداڵان دەست پێ‌دەکاتەوە. گرینگی ئەم رۆژە و پرۆسەی خوێندن لەوە دایە کە دەتوانێ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە خۆیەوە خەریک بکا. لەئێران و کوردستان، جیا لەوەی کە نێزیکەی ١٤ میلیۆن منداڵ خۆیان ئامادە دەکەن کە وەک قوتابی بۆ ساڵی ٩٥ ـ ١٣٩٤ رێگەی قوتابخانە بگرنە بەر، لەولاشەوە بە میلیۆنان کەس وەک مامۆستا و دەرسوێژ، دایک و باب، باوەگەورە و دایەگەورە، خۆشک و برا و هتد لەهەوڵی ئەوە دان کە بە نۆرەی خۆیان پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە بن.

کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازی کوردستان!
لەلایەک بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافی منداڵ، فێربوون مافی هەر منداڵێکە و لەلایەکی دیکەوە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسنیشانی کردووە کە ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە دەبێ دەرفەتی خوێندن بۆ تێکڕای مندالان تا تەمەنی ١٨ ساڵ دابین و چاودێری بکا. بەڵام وەک دەبینین رەوتی پەروەردەی ئێران لەبارودۆخێکی زۆر نالەبار دایە و نەبوونی گەڵاڵە و پلانی پێویست، ئەو رەوتەی تووشی کۆمەڵێک کێشەوگرفت کردووە کە هیچ لایەنێک لەهەمبەر چارەسەر کردنیان خۆی بە بەرپرس نازانێ. وازهێنان لەخوێندن، تەنبێی فیزیکی و دەروونی، نەدانی سەرانەی فێرکاری، لاوازی بینای قوتابخانەکان، ناورۆکی ناسەردەمیانەی سەرچاوە دەرسی‌یەکان و بایەخ‌نەدان بە داخوازییەکانی کۆمەڵگا و مامۆستایان، بەشێکن لەو گرفتانەی کە سیستمی پەروەردەیان بەرەو ئاقارێکی قەیراناوی بردووە.

لەحکوومەتە ئازاد و دێموکراتیکەکانی جیهان و زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری ئێران، ئەوە وەزارەتی پەروەردەیە کە بەپێی پێویستی کۆمەڵگا، ئەرکی فێرکاری و بارهێنان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابین دەکا. هەروەها سیستمی فێرکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پەروەردەی مودێرنی ئەمرۆی وڵاتان مەودای زۆریان لەنیوان‌دا هەیە و لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە وەزارەتی پەروەدەی ئێران لەم بارەوە زۆر کەمتەرخەمە.
بە پێچەوانەی ئەوەیکە لەیاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا پێداگری لەسەر کراوە، ئەمرۆ لەئێران خوێندن بە خۆڕایی نیە، بەڵکوو قوتابیان و بنەماڵەکانیان گوشارێکی زۆریان لەمەڕ یارمەتی ماڵی بۆ قوتابخانە لەسەرە. وەزارەتی پەروەردە لەرێگەی پرۆژەی بە نادەوڵەتی‌کردنی پەروەردە و فێرکردن، زیانێکی قەرەبوو نەکراوەی بە جەستەی پرۆسەی فێرکاری گەیاندووە. لەئاکامی ئەم پرۆژە هەڵەیەدا بەشێکی بەرچاو لەبنەماڵەکان بە هۆی هەژاری ئابووری لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە ترس لەداهاتووی ناسەرکەوتوانەی رۆڵەکانیان لەکێبەرکێی نابەرابەری کۆنکووردا، منداڵەکانیان لەپرۆسەی خوێندن دوور بخەنەوە.

دوور خستنەوەی منداڵ لەقوتابخانە، کۆمەڵێک کاردانەوەی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمرۆ کۆمەڵگای ئێمەی بە خۆیەوە گرفتار کردووە. کاری زۆرەملی، ئیعتیاد، بێکاری، نابەرپرسیارەتی کۆمەڵاتی و خراپەکاری، بەشێکن لەو دیاردە گەلەی کە لەرێگەی نەخوێندەوارییەوە سەرچاوە دەگرن.

قوتابیانی ئازیز!
مامۆستایانی بە هەڵوێست!
ئەگەرچی لەسەردەمی هەڵبژاردنی فۆرمالیتەی سەرکۆماری هەنووکەیی‌دا، تاقم و کەسانێک کەوتنە ناو گێژاوی تەبلیغاتی فریوکارانەی نیزام و مژدەی ژیانی باشتر و فەزایەکی ئازادیی نوێیان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئاشکرایه کە لەناو سیستمی ولایەتی فەقیهـدا، دەوڵەت و سەرکۆمار هیچ توانایی ئەوتۆیان نیە کە باری هەژاری خەڵک کەم بکەنەوە یان کۆتایی بە گوشاری نارەوا بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و یەک لەوان مامۆستایان بهێنن.

لەحالێکدا کە کۆمەڵگای پەروەردە و فێرکردن بە گشتی داواکاری گەڕانەوەی مامۆستایانی زیندانی و دوورخراوە بۆ ناو باوەشی بنەماڵە و سەر کارەکانیان بوون، دەزگای سەرکوتی نیزام، بەپێی رەوتی هەمیشەیی و بە پێچەوانەی ویستی رای گشتی، نە تەنیا هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەری ئەم داخوازییە رەوایە هەڵنەگرت، بەڵکوو لەلایەکی دیکەوە پەروەندەی ئەمنیەتی بۆ تاقمێکی‌تر لەکارامەترین مامۆستایانی بواری پیشەیی وڵات کردەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە مامۆستاگەلێک کە بە شێوەیەی تەواو ئاشتیخوازانە نیگەرانی بارودۆخی نالەباری پرسی پەروەردە و فێرکارین، بەپێی کام مافی مرۆیی و پیشەیی دەبێ زیندانی و تەنبێ بکرێن؟
دایکان، باوکان و منداڵانی خۆشەویستی کوردستان!
کێشەگەلی وەک، دەست راگەیشتن بە سەرچاوەی دەرسی پێویست، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندە دەرسی و ئیدارییەکان، دەستەبەری مافی پیشەیی مامۆستایان و قوتابیان، چاکسازی و نۆژنکردنەوەی بینا و ئامرازی سەرەکی قوتابخانەکان، کە کۆمەڵێک گرفتی بەرچاوی سیستمی داخراوی وەزارەتی پەروەردەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین، تەنها لەرێگەی بە هێزکردن و پشتیوانی کردنی یەکیەتییە پیشەییەکانی پێوەندیدار بە مامۆستایانەوە ده ستەبەر دەبن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەرەڕای پێداگری لەچارەسەریی کێشە هاوبەشەکانی گۆڕەپانی پەروەردەی سەرانسەری ئێران، لەهەمان کاتدا ئەوەش وەبیر دێنێتەوە کە کۆمەڵگای کوردستان لەسایەی بەهرەمەندی لە کلتووری دەوڵەمەندی تایبەت بە خۆی، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ پرۆسەی خوێندن هەیەو بۆ ئەم مەبەستەش لەهیچ فیداکریەک درێغ ناکات.

لە روانگەی ئێمەوە، ئەگەرچی تەرخانکردنی یەک لەسەر سێی کتێبی فارسی قۆناغی یەکەمی دەبیرستان بۆ ئەدەب و وێژەی کوردی، هەنگاوێکی چکۆلەی ئەرێنییە، بەڵام رێگە نادەین کە دەست و پێوەندەکانی رێژیم وەک تێکڕای مافەکانی کانی قوتابیانی کورد بۆی بڕوانن و بانگەشەی سیاسی پێوە بکەن.

ئێمە بۆ جارێکی دیکە پێداگری دەکەین کە لەچوارچێوەی دەزگای فێرکاری‌دا، داواکاریی سەرەکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خوێندن بە زمانی دایکە، کە ئەویش دەبێ لەقۆناغی سەرەتایی و تەمەنی ٥ ساڵانەوە رەچاو بکرێ. یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە هۆکاری بنه‌ڕه‌تی قه‌یرانه‌کان بۆ چه‌شنی بیرکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گه‌رێتەوە.

یەکیەتییەکەمان وەک زمانحاڵی بەشێکی بەرچاو لەمامۆستایانی دڵسۆزی گەلەکەمان، بە پەرۆشەوە دەڕوانینە رەوتی ناعادڵانە و ناسەردەمیانەی دەزگای ناکارامەی فێرکاریی حکوومەتی ئەمڕۆی ئێران و نیگەرانی چارەسنووسی رۆڵەکانی هەنووکە و لاوانی داهاتووی گەلە بەش‌خوراوەکەمانین. لەم بارودۆخە هەستیارەدا، ئەرکی دایک و باوکانی دڵسۆزو لەسەرووی گشتیانەوە ئەرکی سەرشانی مامۆستایانی نیشتمانپەروەرە کە دەبێ نوێنەرانی دەسەڵات لەهەمبەر کردەوەکانیان ئاگادار بکەنەوە. هەروەها پێویستە کە ئەم بابه تە بۆ قوتابیان و بنەماڵەکانیان روون بکرێتەوە کە ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە که‌ره‌سه‌ی خوێندن بۆ قوتابیان و مووچه‌ی پێویست بۆ مامۆستاکان دابین بکا.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، به‌هه‌ست‌کردن به‌ئه‌رکی نیشتمانی و پیشه‌یی خۆی، بانگەوازی یەکگرتوویی دەکا و بە پشت‌بەستن بە وەرێخستنی خه‌باتی پیشه‌یی و رێکخراوەیی، تێدەکۆشێ کە بەرە و پتەوکردنی بنه‌ماکانی خه‌باتی مه‌ده‌نی هەنگاو بنێ.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران