کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەی پێنجەمی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران (كۆنگرەی راسان)

21:52 - 25 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەبارەت بە کۆتایی‌هاتنی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خوێندكارانی مافخوازی كوردستان!

كۆنگرەی پێنجەمی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران (كۆنگرەی راسان) لە ژێر دروشمی ئەزموونی رابردوو، هەوێنی سەركەوتنی داهاتوو پاش دوو رۆژ كاری بەردەوام و جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی، بە سەركەوتووییەوە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

كۆنگرەی پێنجەمی یەكیەتییەكەمان رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٤ هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٥ی ئۆكتۆبری ٢٠١٥ی زایینی لە رێوڕەسمێكدا لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەكیەتیی خوێندكاران و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كۆنگرە و هەروەها بەڕێز مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ئەندامانی رێبەریی حیزب بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەكێك بێدەنگی بۆ ریزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.

سەرەتا پەیامی كردنەوەی كۆنگرە لە لایەن خاتوو فاتمە عوسمانی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكیەتیی خوێندكاران و سكرتێری یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبەوە پێشكەش كرا.

كاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ئەو رۆژە، دانیشتنەكانی كۆنگرە بە خوێندنەوەی راپۆرتی كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە لە لایەن ئەژین بەهرامی، بەرپرسی كومیتەی ئامادەكارەوە دەستی پێكرد كە پاش هەڵسەنگاندن و هێنانەئارای سەرنج و تێبینییەكانی ئەندامانی كۆنگرە بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.
پاشان دەنگ بۆ رەوایی كۆنگرە و ناو و دروشم و هێمای كۆنگرە وەرگیرا كە لەم بەشەدا ئەندامانی كۆنگرە بە كۆی دەنگ رەوایی كۆنگرە و دواتر ناو و دروشم و هێمای كۆنگرەیان پەسەند كرد.

بەشی دواتر پێشكەشكردنی راپۆرتی سیاسیی لیژنەی بەڕێوەبەری بۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكیەتیی خوێندكاران لە لایەن سەربەست ئوورمیەەوە بوو كە پاش باسێكی چڕوپڕ و بەشداریی چالاكانەی ئەندامانی كۆنگرە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێَكردنی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەدا كە بوو بەهۆی پڕناوەڕۆكتر بوون و دەوڵەمەندتربوونی، راپۆرتی لیژنەی بەڕێوەبەری بە تێكڕای دەنگ بە پەسەندی ئەندامانی كۆنگرە گەیشت.

بڕگەی دیكەی كاری كۆنگرە، بیستن و هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی كار و چالاكیی لیژنەی بەڕیوەبەریی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی ٤ی یەكیەتیی خوێندكاران بوو كە لە لایەن غالب حەبیبییەوە پێشكەش كرا.

پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتی كار و چالاكی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی خوێندكاران، ئەندامانی كۆنگرە بە شێوەیەكی تێر و تەسەل لەسەر ئەم بەشە باس و قسەیان كرد و پاش وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئەندامانی كۆنگرە، ئەو ڕاپۆرتە خرایە بەر دەنگی ئەندامانی كۆنگرە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

لە بڕگەی دواتردا راپۆرتی كار و چالاكییەكانی یەكیەتیی خوێندكاران لە دەرەوەی وڵات (ئورووپا و ئامریكا) لە لایەن عەلی مونەزەمی بەرپرسی یەكیەتیی خوێندكاران لە دەرەوەی وڵاتەوە پێشكەش كرا كە لە لایەن كۆنگرەوە خرایە بەر دەنگدان و پەسەند كرا.

بڕگەی دواتری كاری كۆنگرە، پێداچوونە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا بوو كە لە لایەن شەماڵ تەرغیبییەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرا.

لەم بەشەی كاری كۆنگرەدا، پاش خوێندنەوەی بەش بە بەشی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی پێشنیاركراوی لیژنەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی ٤ بۆ كۆنگرەی ٥ و وەرگرتنی ڕا و تێبینیی ئەندامانی كۆنگرە و گونجاندنی بۆچوونەكان و خستنە بەر دەنگدانی، بەرنامەی و پێڕەوی نێوخۆی ئامادە كراو بۆ كۆنگرەی ٥ پەسند كرا.

بڕگەیەكی دیكەی كاری كۆنگرە تەرخان كرابوو بۆ پێشنیار كردن و داڕشتن و پەسندكردنی كۆمەڵێك راسپاردە لە چوارچێوەی ئەرك و ئامانجە ڕێكخراوەییەكانی یەكیەتیی خوێندكاراندا بۆ بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پێنجەم كە بە زۆرینەی دەنگی كۆنگرە پەسەند كران.

لە بڕگەی كۆتاییدا پاش هەڵبژاردنی هەیئەتێك بۆ بەڕێوەبردنی ڕەوتی هەڵبژاردن، پرۆسەی دەنگدان ئەنجام درا كە لە كەشوهەوایەكی دێموكراتیكدا ٧ كەس وەكوو ئەندامی سەرەكیی لیژنەی بەڕیوەبەری و ٣ كەسی دیكەش وەكوو ئەندامی جێگری لیژنەی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن كۆنگرەوە هەڵبژێردران.

پاشان ئەندامانی سەرەكیی لیژنەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پێنجەم، یەكەم دانیشتنی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سكرتێری ڕێكخراوەكە لە ساڵونی كۆنگرەدا بە ڕێوە برد و لە ئەنجامدا بەڕێز كاروان شەرەفی، بە زۆرینەی دەنگی لیژنەی بەڕێوەبەری، وەكوو سكرتێری یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

كۆنگرەی پێنجەمی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران پاش دوو ڕۆژ كاری بەردەوام بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی بە سەركەوتوویی كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

لیژنەی بەڕێوەبەری

٢٧١٥/٧/٢٥ی كوردی
٢٠١٥/١٠/١٧ی زایینی