کوردستان میدیا: بێمودیرییەتی و بێبەرنامەیی کاربەدەستانی رێژیم بووەتە هۆکارێک بۆ کەمتربوونەوەی ساتەوەختی روودانی کارەساتی ئاو لە ئێران بۆ کەمتر لە پێنج ساڵ.
بەوتەی بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئاو لە ژووری ئێران،٥٠ ساڵ تەکبیری خراپ و بێ بەرنامەیی بوونەتە هۆکارێک کە تەنیا ٥ ساڵ تا روودانی "کارەساتی گشتگیری" ئاو لە ئێران بمێنێ.
محەممەد حسێن شەریعەتمەدار، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە رێکارییەکانی کشتوکاڵ و ئاو لە ژووری ئێران لە کۆڕێکدا سەبارەت بە مودیرییەتی ئاو لە رۆژهەڵاتی ئێران لە خۆراسانی رەزەوی، وتوویەتی: ئەم گرفتە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئیرادەیەکی پێویست بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە؛ هەروەها لە نەبوونی رێکارێکی هەمەلایەنە، گشتگیر و نیشتمانی بە کاتداڕێژی تەواو و جێی رەزامەندی حکومەت و کەرتی تایبەت کێشەکانمان ئاڵۆزتر بووە.
بە قسەی شەریعەتمەدار، سەرەڕای ٥٠ ساڵ بێکەفایەتی و تەکبیری خراپ لەم بوارەدا کە تەنیا ٥ ساڵ تا روودانی کارەساتی ئاو لە ئێران ماوە هێشتا رێگەی چاکسازی و نۆژەن کردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان هەیە .
پێشتر کابینەکانی رێژیم، بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کەم ئاوی لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران، پرۆژەگەلێکیان وەک راکێشانی ئاوی ناوچەکانی زاگرۆس بۆ ناوەند هەبوو کە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم ناوچەیەی بە دواوە بوو؛ ئەوان لەهەمبەر سیاسەتە دووچاوگییەکانی رێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی کە لە بەرامبەردا وەکوو هەمیشە وڵامی رێژیم گرتن و قۆڵبەست کردنیان بوو کە هەتا ئێستاش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.