کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆی غەززە دەسووتێنێ

12:23 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شەڕی نێوان گرووپی حەماس لە غەززەی فلستین و ئەرتەشی ئیسراییل بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حەماس و خومپارەباران و بوردومانی دوولایەنە.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، رۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەربەرامبەر لەگەڵ ١٢ی نۆڤامبر، پێش لە بەیانی و خۆرهەڵاتن، جارێکی دیکە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی حەماس و ئەرتەشی ئیسراییل هاتە ئاراوە و دوو لایەن بە خومپارە وەشاندن لە خاکی ئیسراییل و بۆردومان و مووشەکبارانی غەززە  وەڵامی یەکتریان دایەوە.

بە پێی هەواڵەکان، لە کاتێکدا گرژی و ئاڵۆزیی نێوان حەماس و ئیسراییل بەردەوامە، شەڕی دەمەوبەیانی دووشەمە ٢١ی خەزەڵوەر، دوای چەندجار تێکهەڵچوونی ماوەی رابردوو هاتۆتە ئاراوە و لەو دەرگیرییەدا چەندین چەکداری حەماس و بەتایبەت فەرماندەیەکی نیزامیی ئەو گرووپە کوژراوە و بەدوای ئەوەدا حەماس بە خومپارە و ئەرتەشی ئیسراییلیش بە بۆردومان وڵامی یەکیان داوەتەوە.

بەپێی راپۆرت و لێدوانی چاودێرانی سیاسی، ئەم تێکهەڵچوونانە لە کاتیكدا روویان لە زیادبوونە کە رێژیمی حاکم لە تاران بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی و لادانی سرنجەکان لەسەر ئەو رێژیمە دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچە هان دەدا کە گرژی بنێنەوە و بەم پێیە غەززە لە ئاگری شەڕێکدا دەسووتێ کە بۆ غەززە نییە بەڵکوو بۆ پاراستنی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ئاژاوە دەنرێتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەوڵی بەستنەوە و تەریک کردنەوەی رێژیمی تاراندا، ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبی خەریکی لێک نزیکبوونەوەن و هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ بەهێزکردنی پێوەندییەکانی ئیسراییل و عەرەبەکان و ئەگەری هاتنە ئارای هاوپەیمانیی ئیسراییل- عەرەب دژ بە رێژیمی ئێران لە ئارادایە.