کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەی دی پرێس: تێرۆری دوکتور قاسملوو لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژووی ئوتریشە

18:37 - 1 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رۆژنامەی دی پرێسی ئوتریش، تێرۆری دوکتور قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە یەکێک لە رەشترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئۆتریش وەسف دەکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژنامەی دی پرێسی ئوتریش لە ژمارەی رۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، بابەتێکی لە ژێر ناوی تێرۆر دژی کوردەکان لە ڤییەن لە بارەی سات و سەودای وڵاتەکەی لەگەڵ رێژیمی ئێران لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کردووەتەوە.

لەو بابەتەدا لە کتێبی بیرەوەرییەکانی نەسرین قاسملوو کە کتێبێکی سیاسییە و بیرەوەرییە شەخسییەکانی هێلێن لەگەڵ دوکتور قاسملوو لە خۆ دەگرێت، وەکوو سەرچاوە کەڵک وەر گیردراوە.

رۆژنامەی دی پرێسی ئوتریش تیرۆری سێ سیاسەتمەداری کورد و ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڤیەن لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی ئێرانەوە نامرۆڤانە وەسف دەکات و دەنووسێت: تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن یەکێک لە رەشترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئوتریشە.

لەم رۆژنامەدا هاتووە کە، لە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی، سێ سیاسەتمەداری پایەبەرزی کورد لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش و لە کاتی وتووێژ لەگەڵ دیپلۆمات تێرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بە رواڵەت بۆ باس کردن لە سەر چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران گەیشتبوونە ڤییەن، لەلایەن ئەو دیپلۆمات تیرۆریستانەوە شەهید کران.

لە درێژەدا هاتووە کە ئەو دیپلۆمات تیرۆریستانە پاش ئەوەی زۆر زوو دۆزرانەوە بەڵام بە هۆی بەرژەوەندیی سیاسی و هەروەها هەڕەشەی رێژیمی ئێران لە ئەگەری ئازاد نەکردنی ئەم تێرۆریستانە، گیانی هاووڵاتییانی ئۆتریشی لە تاران دەکەوێتە مەترسییەوە، تێرۆریستەکان رەوانەی ئێران کرانەوە.

دی پرێس لە درێژەدا دەنووسێت: نەسرین قاسملوو لە کتێبی ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا باسی لەسەر چۆنیەتی ناسینی عەبدولڕەحمان قاسملوو لە پراگ دەکات و چۆن ژیانی هاوسەریان پێکهێنا و لەگەڵی بەرە و کوردستانی ئێران رۆیشت و چۆن خۆی لە کۆمەڵگای نەریتی و پیاوسالارانەدا گۆنجاند، دەکات.

لە کتێبی ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا هاتووە کە گەلی کورد هیوایەکی زۆریان بە دوکتور قاسملوو بوو کە هەوڵی چەسپاندنی ئوتونۆمی بۆ ئەدان و پلانی درێژماوەی یەکیەتیی نێوان هەموو پارچەکانی کوردستانی بوو.

نەسرین قاسملوو لە کتێبەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن پاش دەسبەسەرداگرتنی کوردستان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە، هیواکان یەک لە دوای یەک تێکشکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە رێژیمی ئێران چۆن لە کۆتاییدا دوکتور قاسملووی لە ڤییەن تیرۆر کرد.