کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان

14:51 - 17 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی خەتەنەی کچان، بەڵام ئەم دیاردەیە تاکوو ئێستاش لە ناوچەکانی کوردستان بوونی هەیە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زۆرتر لە ٦٧ ساڵ دەبێت کە چالاکانی بواری ژنان لە جیهاندا، هەوڵی بنبڕکردنی خەتەنەی کچان (Female Genital Mutilation) دەدەن.

پاش دەیان ساڵ هەوڵدانی بەردەوام، لە رێکەوتی ٦ی فێوریەی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی‌دا، ئستێلا ئوباسانجۆ خانمی یەکەمی وڵاتی نیجریە لە کۆنفرانسێک کە لەلایەن کۆمیتەی ئافریقایی مەزهەبە کاریگەرەکان لەسەر تەندروستیی ژنان و منداڵان بەڕێوەچوو، ٦ی فێڤرییەی وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان پێشنیار کرد و دواتر کومیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی وەک رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوە دژی خەتەنەکردنی ژنان پەسند کرد.

12014.jpg

خەتەنە و دەرەنجامەکانی

خەتەنەی کچان هەرچەندە چەندین شێواز لە خۆ دەگرێت بەڵام بە گشتی، بڕینی بەشێکە لە \'\'کۆئەندامی زاوزێ\'\'ی ژنان بەناوی (کلیتوریس) کە بە بڕینی ئەو بەشە هەستی ژنانەیی لەناو دەچێت و ژن هەتا کۆتایی تەمەنی لە چێژی جینسی بێ‌بەش دەبێـت.

سەرەڕای بێبەش‌بوونی لە تام و چێژی سێکسی، زیان گەیاندن بە شوێنی تێپەربوونی میز (مجرا)، هەڵایسانی درێژخایەن، دروست‌بوونی چڵک لە ناوچەی تێپەربوونی میز، خوێنڕێژی، خەمۆکی، لەدەست دانی چێژی جینسی، ساردبوونەوە لە جووت بوون، راوەستانی سووڕی مانگانە، کۆبوونەوەی خوێن لە زگ و دژواربوونەوەی دەورانی سووری مانگانە و منداڵ بوون، بەشێکی دیکە لە دەرەنجامەکانی خەتەنەی کچان هەژمار دەکرێن.

خەتەنە کردن، وێرای کێشەی جەستەیی، گرفتی رۆحیی درێژخایەنی وەکوو ئازار، سترێس، چڵک کردن و لەنگەربەزینی دەروونیشی لێ دەکەوێتەوە.

خەتەنەی کچان لە دووتۆی ئامارەکاندا

لە هەر چرکەیەکدا لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا، کچێک خەتەنە دەکرێت و ئەمەش بۆ کچان و ژنان دەبێتە دەستپێکی ژیانێکی پڕ لە ئازار و رەنج.

بونیادی حەشیمەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی ئاماریدا رایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٤٠ میلیون ژن لە دونیا خەتەنە کراون.

12015.jpg

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، هەنووکە لە ئاستی جیهاندا و بە تایبەتی لە ٢٨ وڵاتی ئاسیایی و ئافریقاییدا، ساڵانه زیاتر لە ٣ میلیۆن کچی تەمەن ٤ تا ١٥ ساڵ خەتەنە دەکرێن.

بە سەرنجدان بەوەی کە خەتەنەی کچان بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێت، دەشێ ئامارەکان زۆر زیاتر لەوەی بن کە رێکخراوە جیهانییەکان باسی لێوە دەکەن.

خەتەنەی کچان لە کوردستان

لە کۆمەڵگای کوردستان وەکوو کۆمەڵگایەکی پیاوسالار، تاکوو ئێستا لە بڕێ ناوچەدا، خەتەنەکردنی کچان بوونی هەیە. لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا، کە کۆمەڵگا سوننەتیەکان لە خۆ دەگرن، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان لە خەتەنە کەڵک وەر دەگرن و یوونیسێفیش ئەوه پشتڕاست دەکاتەوە.

لە کوردستانی ئێراندا خەتەنەی ژنان بوونی هەیە، خەتەنە لەو ناوچانە‌دا زۆرتر لایەنی ئایینی لەخۆ دەگرێت و ژنان بە حوکمی ئایین و سوننەتی‌بوونی کۆمەڵگا خەتەنە دەکرێن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە پشتیوانیی چەند پرۆژەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو زانیارییانە کە لە ڕێگەی میدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە و هەروەها چالاکییەکانی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، خەتەنەی کچان رووی لە کەمبوونەوە کردووە.

12013.jpg

چالاکێکی بواری مافی ژنان لە وتووێژێکی تایبەتدا لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بەس ژنان بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی خەتەنەی کچان بە سەرنجدان بەوەی کە بە دەستی ژنان دەکرێت، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند که : خەتەنەکردنی کچان راسته بەدەستی ژنان ئەنجام دەدرێت بەڵام ئەوه ‌ناگەیەنێت کە ژنان بە تەنیا تاوانبارن لە ئەنجام‌دانی ئەم کارە، بەڵکوو دەوڵەت و کۆمەڵگا و تەنانەت بنەماڵەش تاوانبارن؛ بۆ نموونە ئێمە لە کوردستانی رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی دیکتاتۆردا دەژین کە هیچ باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە و هیچ یاسایەک نییە بۆ بەرگری‌کردن لە مافەکانی ژنان. هەروەها دواکەوتوویی کۆمەڵگا و ئەو داب و نەریت و ئەو کولتوورانەی پەیڕە و دەکرێن؛ هۆکاری سەرەکین بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.

ئەم چالاکەی مافی ژنان لە بارەی ئەوەی کە ئایا تاکوو ئێستاش لە کۆمەڵگای کوردستاندا خەتەنەی کچان بوونی ماوە، جەختی کردەوە: ئەگەر بڵێین ئەو دیاردە دزێوە لە کۆمەڵگادا نەماوە راست نییە، بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی هوشیاری دایک و باوکان و هەروەها کۆمەڵگای کوردییەوە، توانیویەتی هەتا رادەیەک کەم بێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین هەر بەردەوامە و بەشێک لە کچان تاکوو ئێستاش قوربانی ئەو دیاردە دزێوەن لە کۆمەڵگادا.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە هەڵنەگرتنی هەنگاوێکی جیددی لەلایەن رێکخراوەکانی ژنان و هەروەها دەسەڵاتەوە، نەگەییشتنی کولتووری کۆمەڵگا بە ئاستی پێویست و هەروەها ئایین و سوننەتەکانی کۆمەڵگا لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی کە تاکوو ئیستاش، خەتەنە کردنی کچان لە کوردستان، درێژەی هەبێت.

ئاویەر.ت