کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی شەهیدانی کوردستان لە ناوەندی ٣ی حیزبی دێموکرات بەرز راگیرا

18:37 - 11 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ١٠ خاکەلێوە رۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی(رۆژی شەهیدانی کوردستان)، لە بنکەی ناوەندی ٣ی کوردستان و لە سێ بڕگەی جیاوازدا بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لە ساڵۆنی گشتیی ناوەندی ٣ی کوردستان و بە بەشداری ئەندامانی رێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامان و بنەماڵەی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی رێوڕەسمەکە لەلایەن کەریم قەڵاتی ئەندام ناوەند و بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی ناوەندی ٣ی کوردستان خوێندرایەوە.

پاشان خالید گەرگوولی پەخشانێکی لە نووسینی سەلاح سەمەدی لەژێر ناوی سڵاو لە دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد.

دواتر گرووپی سروودی کۆمیتەی هیوای لاوانی جێژنیکان سروودێکیان لەژێر ناوی شەهید پێشکەش کرد.

پاشان حەسەن حوسێن‌نیا پەخشانێکی لەژێر ناوی پێشەوا بەرەو هەرمان خوێندەوە.

لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، بەشداربوان بەمەبەستی رێزگرتن لەشەهیدان، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێمۆکراتیان لە جێژنیکان کرد.

لەو بڕگەیەدا گرووپی سروودی لاوان سروودێکیان لەژێر ناوی ئەی شەهیدان خویندەوە و دواتر تاجەگوڵینەیەک لەلایەن سەدیق دەرویشی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پوورە ریحان ژنی شەهید کازم عەزیزی لەسەر گڵکۆی شەهید سەید رەحیم جیگەری دانرا.

لە بڕگەی سێهەمی رێوڕەسمەکەدا، پیشانگای وێنەی شەهیدانی ناوەندی ٣ کە پێکهاتبوو لە وێنەی شەهیدانی کۆمیتە شارستانەکانی، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، ئورمیە، سەڵماس، خۆی و ماکۆ لەلایەن رەحیم مەنگووڕی کادری حیزب و خاتوو شادی، کچی شەهید هەژار مینبەری کرایەوە و بەشداربووانی رێوڕەسمەکە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرد.

شاهۆ