کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو

16:53 - 27 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی تایبەتیی ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ٣ی کوردستان بە بەشداریی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان و میوانان، بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی ٣ی کوردستان لەلایەن سەدیق دەرویشی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی ٣ پێشکەش کرا.

دواتر سروودێک لەژێر ناوی گەلاوێژ ئەی گزینگی خۆر هەڵاتم چرای رەوشەنگەری رێگای خەباتم کە لەلایەن منداڵانی ناوندی ٣ی کوردستانەوە سەربە بەشی پەروەدەی ناوەندەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

هەر بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەخشانێک لەژێر ناوی کاروانی خۆر ئامادە کرابوو کە لەلایەن زەکییە سدقییەوە پێشکەش کرا.

دواتر گۆرانییەک لەژێر ناوی رووناکی ئاسۆ لەلایەن هونەرمەند غوڵام فاتحییەوە پێشکەش بە بەشداربوان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی٣ لەلایەن محەممەد رەسووڵییەوە خوێندرایەوە.

دواتر سروودی سوورە گوڵ لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرابوو، خوێندرا.

هەر بەم بۆنەوە چەندین پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی پێشکەش بە بەڕێوبەرانی رێوڕەسمەکە کرابوو کە بریتین لە:
ــ برووسکەی پیرۆزبایی کۆمیتەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لە هەولێر، سۆران و جەژنیکان
ــ برووسکەی پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان، لێژنەی ناوچەی بەرانەتی
ــ برووسکەی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمیتەی ١٩ی رێکخستنی بەحرکە