کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی شەوی یەلدا، ٨٤ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو بەڕیوەچوو

03:23 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ٨٤ـەمین ساڵرۆژی لە دایک بوونی رێبەری مەزنی گەلی کورد، دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمی شەوی یەلدا، ٨٤ـەمین ساڵیادی رۆژی لە دایکبوونی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو، رێبەری مەزنی گەلی کورد و سکرتێری پێشوی حیزبی دێموکرات، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕیوەچوو.

ئەم رێوڕەسمە بە بەشداریی کادر، پێشمەرگە و میوانان بە چەند ساتێک بێدەنگی دەستی بە کارەکانی کرد.

پاشان، مام فەیزە رۆحانی و مارف رەمەزانی، دوو پێشمەرگەی بەئەزموونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مۆمی ٨٤ ساڵەی لە دایکبوونی دوکتور قاسملوویان هەڵکرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، لهۆن رەحمانی، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی کۆمسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی خوێندەوە.

بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی چەند وتەیەک لەلایەن کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تەرخان کرابوو.

کەریم پەرویزی لە قسەکانیدا سەبارەت بە ژیان و خەباتی دوکتور قاسملوو، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پاشان، تاهیر خەلیلی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و هونەرمەندی ناسراوی گەلی کورد، گۆرانیی لە قەندیلی سەربەرزەوەی پێشکەش کرد و لەلایەن فواد خاکی بەیگییەوە، لەوحێکی ریزلێنانی پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، ناهید حوسێنی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات چەند شیعرێکی مامۆستا نالی و مەحویی خوێندەوە.

دواتر، حەسەن رەزایی، پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەخشانێکی سەبارەت بە دوکتور قاسملوو و لە وەسفی رێبەری مەزی گەلی کورد، پێشکەش کرد.

پاشان، چەند کەسێک کە لە شەوی یەلدا لە دایک بوونە، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، خەڵات کران و دواتریش شانۆیەک لە ژێر ناوی پێشبڕکێێ خەوتوو نمایش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمی شەوی یەلدا، ساڵرۆژی لە دایکبوونی دوکتور قاسملوودا، سەرکەوتوانی فستیڤاڵی پێشمەرگە، لەلایەن یەکیەتیی لاوانەوە خەڵات کران.

لەم رێوڕەسمەدا، فواد خاکی‌بەیگی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان، بە مەبەستی رێزلێنان، چەپکەگوڵێکی پێشکەش بە هونەرمەند میکائیل کرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاند کە دواتر کۆنسێرتێکی گۆرانی لەلایەن میکائیلەوە بەڕێوەچوو.

پێدانی ٣ جڵد کتێبی تاڤگەی حەقیقەت، بە ئەرسەلان یارئەحمەدی کە بە شێوەیەکی سەمبۆلیک مارەیی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوو ژیلا موستەئجێر سێ جڵد کتێبی تاڤگەی حەقیقەت بوو، بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمی شەوی یەلدای پێکهێنابوو.