کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە تەنانەت لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی دانەوێڵە و پێداویستییەکانی ئاژەڵانیش دەستەوەستانن.
لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی ئیددعای بەڕێوەبەریی دنیای ئیسلام و لەوەش سەرتر هەموو جیهان دەکات، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم ڕایگەیاند کە نەتەنیا بۆ دابینکردنی تێکنۆلۆژییەکانی ڕۆژ بەڵکوو تەنانەت لە دابینکردنی دانەوێڵەکانیش کێشەمان هەیە.
حەسەن ڕوحانی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ وەزیر، جێگر و بەڕێوەبەرانی باڵای وەزارەتی جیهاددا وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە لاوانی خوێندەوارمان پێیان وایە ئێمە تەنیا دەبێ تێکنۆلۆژییە مەزن و هەستیارەکان هاوردە بکەین، وتوویەتی: ئەوان نازانن کە گرفتاری سەرەکی ئێمە لە ئێستەدا دابینکردنی ئاڵف و کونجاڵە و دانەوێڵەکانە!
وتوویشیەتی: ئێمە ناچارین ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار پارە بدەین بۆ هاوردەکردنی ئاڵفی ئاژەڵە خۆماڵییەکان؛ لەوپەڕی ڕووهەڵمالراویشدا دەڵێ ئێمە لە هەوڵداین تا چەند ساڵی دیکە بگەینە خاڵی خۆبەڕێوەبەری و ئیتر پێویستیمان بە هاوردەکردنی ئاڵف نەبێ!