کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران هەناردەی چەندین جۆر کەلوپەلی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد

19:57 - 9 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوای توند بوونەوەی بازنەی گەمارۆکان بە دژی رێژیمی تاران و دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن و چوونە سەری نرخی دۆلار، ئەو وڵاتە هەناردە کردنی ٧٢ جۆر کەلوپەلی خۆراکی و پیشەسازیی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد.
ماڵپەڕی ئاوێنە نیووز بڵاوی کردەوە، یاسین رەحیم جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شاری سلێمانی رایگەیاندووە، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کارێگەری لەسەر ناوەندە بەرهەمهێنانەکانی ئێران داناوە و رێژیمی ئێران بە شێوەی جاران توانای هەناردەی کەلوپەلی نییه.
بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، ئابووریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تووشی قەیرانێکی چارەسەر نەکراو هاتووە و ئەو قەیرانە لە بەشی نەوت و دەرمان و زۆر ناوەندی دیکەدا خۆی دەرخستووە.
هەر لەو پێوەندییەدا وڵاتی ژاپون بە نیشانەی پابەند بوون بە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەدا ٣٨ی هاوردەی نەوتی لە ئێرانەوە کەم کردۆتەوە.
دەوا و دەرمان یەکێکی دیکە لەو بەشانە کە نرخی بە شێوەیەکی بەرچاو چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین ئاماری ناوەندە تەندروستییەکان ٣٠% نەخۆشەکانی ئێران توانای دانی پارەی نەخۆشی و دەوا و دەرمانیان نییە.