کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیم داوا لە هونەرمەندان دەکات بەرهەمەکانیان هەڕاج بکەن

12:47 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی حەوزەی هونەریی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنه، داوای لە هونەرمەندان کردووە که به شێوەی گشتی بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیان لە ژێر ناوی لافاوی میهرەبانیدا هەڕاج بکەن و پارەکەی بە لافاولێدراوان ببەخشن.

ئەمین مورادی، بەرپرسی حەوزەی هونەریی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنه، وێڕای ئاماژه به هاتنی لافاو لە پارێزگاکانی ئێران و کوردستان، باسی لەوە کردووە کە خەڵک لە گەمارۆی لافاودان و یارمەتیی ئێمەیان پێوویستە.

 ناوبراو بە ئاماژه به ئەرکی هونەرمەندان لە یارمەتیدانی خەڵکدا، باسی لەوە کردووە کە حەوزەی هونەریی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنه بە شێوەی سەرتاسەری گەلاڵەیەکی لەژێرناوی لافاوی مێهرەبانی بەمەبەستی هەڕاج کردنی بەرهەمە هونەرییەکان ڕاگەیاندووە تاکوو هونەرمەندان بەرهەمەکانی خۆیان تاکوو ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە بۆ ئەم حەوزەیە بنێرن.

بە پێی ڕاگەیەندراوی حەوزەی هونەریی رێژیم بڕیارە لە پیشانگایەکدا بەرهەمی ئەم هونەرمەندانە بفرۆشرێن و پارەکەی بۆ لافاولێدراوان تەرخان بکرێت.

ئەم داواکارییەی ڕێژیم و ڕێکخستنی ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە خودی ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکان به کاروباری هونەری، هیچ گرینگییەک بە هونەرمەندان بەتایبەت لە کوردستاندا نادەن و لە ڕێگەگەلی جیاوازیشەوە بەربەست بۆ کارەکانیان درووست دەکەن. زۆرجاریش لەوپەڕی بێڕیزی بە هونەر و هونەرمەنددا ، ئەم کەسانە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانیان دەکەن.

لە لایەکی تریشەوە، ڕێژیمی ئێران خەریکە بەم شیوەیە ئەرکی گەیاندنی یارمەتی بە لافاولێدراوان دەخاتە ئەستۆی خەڵک، لە حاڵێکدا کە ئەمە ئەرکی سەرەکی خودی ڕێژیم و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەیە کە لە کاتە قەیراناوییەکاندا بە تەرخانکردنی بوودجەی پێوویست ، یارمەتی خەڵک بدەن و قووڵی قەیرانەکان کەم بکەنەوە.