کوردستان میدیا: شاندێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رۆژئاوای کوردستان، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری سلێمانی کرد و سەبارەت بە دۆخی خەباتی کورد لە پارچەکانی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دوشەممە رێکەوتی ۱٤ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، شاندێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رۆژئاوای کوردستان پێکهاتوو لە رێکخراوەکانی کورد و ئەرمەن و سریان و عەرەب بە سەرپەرستی بەڕێز "هەڤاڵ ڕامی"، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری سلێمانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرستی بەڕێز "فواد خاکی بەیگی" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سلێمانی پێشوازیان لێکرا.
لەم دانیشتنە دۆستانەیەدا رەوشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکە تاوتوێ کران و سەبارەت بە کۆمەڵێک کاری هاوبەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
شاندی میوان بەگرینگی و بایەخەوە ڕوانییانە خەباتی حیزبی دێموکرات و راسانی رۆژهەڵاتیان بەرز نرخاند و هاودەنگی هەموو لایەکیان لەسەر پرسە نیشتمانیەکان بە پێویستییەکی هەنووکەیی و زەرووری زانی.
پێویست بە ئاماژەیە کە لەو دانیشتنەدا هەیئەتێکی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەشداری باس و بابەتەکان بوون.