کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێککەوتنی نوێ‌ و گەمارۆی نوێ‌/ سنای ئەمریکا خولێکی دیکەی گەمارۆی بە دژی ئێران پەسند کرد

14:10 - 11 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەشی وزە، ئابووری و کەشتیوانی و هەروەها گواستنەوەی زێڕ بۆ تورکیە لەلایەن بانکەکانی ئێرانەوە، ئەو بەشانەن کە لەلایەن سنای ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
ئەو گەمارۆیانە لە راستای تەحریمەکانی پێشوو و بە مەبەستی پێشگیری لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی تاران بە چەکی ئەتۆم پەسند کراوە.
ئەو گەمارۆیە سەرجەمی ئەو بانکە دەرەکییانەی کە کاری ئاڵوێر و گواستنەوەی پارە و دراو لە بواری پێشەیی، کەشتیوانی، کەشتی سازی و هەموو جۆرەکانی وزە بۆ رێژیمی ئێران ئەنجام بدەن، لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەو گەڵاڵە نوێیە هەر جۆرە ئاڵوێرێکی شیرکەت و بازرگانە بیانییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران قەدەغە راگەیەنراوە.
بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، ئابووریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تووشی قەیرانێکی چارەسەر نەکراو هاتووە و ئەو قەیرانە لە بەشی نەوت و دەرمان و زۆر ناوەندی دیکەدا خۆی دەرخستووە.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری وزەی تورکیە رایگەیاندبوو، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەمریکا لەپێوەندیی تەحریمی زیاتر بۆ سەر رێژیمی ئێران نییە.