کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی: بە بێ هیچ بەڵگە و هۆکارێک حوکمێکی ناڕەوایان بەسەردا سەپاندم

12:36 - 28 رێبەندان 2720

''زارا محەممەدی'' مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەسەر ئەوەیکە بە بێ بەڵگە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کراوە، لەبارەی حوکمەکەی ڕوونکردنەوەی دا.

''زارا محەممەدی'' باسی لەوە کرد کە مێژوو بڕیار لەسەر کەرامەتی مرۆڤ دەدات و ئەوە ئێمەین کە سەربەرزین و لە دادگا ناداداگاکاندا حوکم دەخۆین و دیل و زیندانی دەکرێن و بە دڵنیاییەوە مێژوو ئێمە سەربەرز دەکات.

ناوبراو وتوویەتی دوای سەپاندنی حوکمی  ١٠ ساڵ زیندانی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی و دادگای پێداچوونەوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر بەڕێوەچوو و لەو کاتەوە هەتا دەرکردنی حوکمی کۆتایی، دادگا چەندین جار داوای لە وەزارەتی ئیتلاعات کردووە کە هەر بەڵگەیەکی کە لە بەردستیدا هەیە بۆ دادگای بنێرێت، بەڵام ئیتلاعات هیچ بەڵگەیەکی بۆ دادگا نەنارد.

دوای ماوەیەک ئیتلاعات لە نامەیەکی نهێنیدا هەندێک بەڵگە بە دادگا دەدات  کە زارا لە پرسەی مامۆستا "جەلال مەلەکشا"دا بەشداری کردووە و وێنەی مامۆستا "جەلالـ"ـی بە جامانەوە داناوە.

''محەممەدی'' باسی لەوە کردووە کە لە ڕاستیدا وەزارەتی ئیتلاعات هیچ بەڵگەیکی لە بەردەستیدا نەبووە کە بیدات بە دادگا و ئەو بەبیانوویەی هێناوەتەوە کە ئەم بەڵگانە نەهێنین. 

ناوبراو وتی: لە کۆتاییدا لە دادگای پێداچوونەوە بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەک لەم دۆسییەدا دادوەری دادگا حوکمی بێ گوناحیی من دەدات. بەڵام ئەوان دادگای خانەوادەیان هێناوە بۆ پێداچوونەوەی ئەو حوکمە.

 ''زارا محەممەدی'' باسی لەوە کرد پێش دانیشتنی دادگای پێداچوونەوە؛ چەندین جار لەلایەن ئیتلاعات و دادوەرەکان پێشنیاری بەجێهێشتنی وڵات بە من دەدرا.

هەروەها ناوبراو وتی کە دوای ئەوەیکە لە گرتنگە هاتمەدەرەوە چەندین تۆمەتیان بۆ من هەڵبەستووە.