کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی بە بارمتەی قورس ئازاد کرا

12:12 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، پاش ٦ مانگ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.

 ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، "زارا محەممەدی"، مامۆستای دەسبەسەرکراوی زمانی کورد و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردان لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو و دواتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و شوێنی ڕاگیرانی بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند.

زارا محەممەدی دواتر لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی ٨ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی، لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بۆ دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، "زارا محەممەدی"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بە ناوی "مێهرداد عەلیخانی"، برابووە دادگای ئینقلابی شاری سنە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانـ"ـیان داوەتە پاڵ "زارا محەممەدی".

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" سەبارەت بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی زارا، دژکردەوەی نیشان دا بوو و ڕایگەیاندبوو: "لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردییە."

ماوەیەک پێش، کاناڵی تێلێگرامیی بەشی "فارسیـ"ـی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، داوای لە هاووڵاتییان کردبوو کە به ناردنی نامە بۆ "محەممەد جەباری"، دادستانی گشتیی سنە، داوای ئازادکردنی بێمەرجی "زارا محەممەدی" بکەن.