کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکانی ئێران کەمیی بوودجەیان هەیە

17:28 - 18 سەرماوەز 2720

بەرپرسێکی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە لە ساڵی داهاتوودا بە کردنەوەی زانکۆکان لەگەڵ کێشەی کەمیی بوودجە بەرەوڕوو دەبین.

"عەلی مەقاری" جێگری گەڵاڵە و بەرنامەی زانکۆی تاران ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز ڕایگەیاندووە: "ئەگەر زانکۆکان لە ساڵی داهاتوودا بکرێنەوە، بێ گومان لەگەڵ کێشەیەکی گەورە لە ڕووی بوودجەوە بەرەوڕوو دەبینەوە".

بە وتەی ناوبراو لە ساڵی ٩٩دا سەرجەم ئەو بوودجەیەی بۆ تێچووی زانکۆی تاران تەرخان کرابوو بۆ مووچەی پێرسۆنێلی ئەو زانکۆیە خەرج کراوە و داهاتەکانی زانکۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هەندێک لەو بەشانەی کە بۆ زانکۆ داهاتهێنەر بوونه فەشەلی هێناوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەشێک لە داهاتی زانکۆ لە ڕێگەی پارە مانگانەی خوێندکارانەوە بووە کە بە وەرگرتنی مەرەخەسی لە خوێندن ئەو داهاتەش کەم بووەتەوە و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانە.

"مەقاری" هەروەها وتووویەتی بوودجەی زانکۆ لە ساڵی ١٤٠٠دا نزیکەی ٤٥ لەسەد زیادی کردووە، کە ئەو ٤٥ لەسەدە نێونجیی کۆی گشتیی بوودجەی زانکۆی تاران بووە و هێشتا لە چوارچێوەی لایحەدایە.

لە لایحەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠دا ناوەندە ئایینییەکان و تەبلیغاتی ئایینی ٢٨ لەسەد، سپای تێرۆریستی پاسداران ٥٨ لەسەد، ئەرتش ٥٣ لەسەد و وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم ٧٥ لەسەد بوودجەیان بۆ زیاد کراوە.