کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی ئازاد لە ئێران بە وەرگرتنی پارەی سەرسووڕهێنەر بڕوانامەی ساختە دەبەخشێت

13:11 - 8 گەلاوێژ 2720

سەرەڕای ئەوەیکە زانکۆی ئازاد لە ئێران بە بیانووی کۆرۆناوە پارەی مانگانەی خۆی بردووەتە سەرەوە، لە ئێستاشدا هەندێک دامەزراوە بە وەرگرتنی پارەیەکی زۆر، بە شێوەی فەرمی خەڵک دەنێرنە زانکۆ و بڕوانامەی مۆرخواردووی زانکۆشیان پێ دەدەن.

لە یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە کە زانکۆی ئازاد لە ئێران بە وەرگرتنی پارەی سەرسووڕهێنەر خەڵک دەباتە زانکۆ و بڕوانامەشیان پێ دەدات.

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا باس لە دامەزراوەگەلێک کراوە کە ناویان بڵاو نەکراوەتەوە و خەریکی بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکن و لەو بوارەدا چالاکی دەکەن.

دامەزراوەیەک بە وەرگرتنی نزیکەی ٢٤ ملیۆن تمەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بڕوانامەی زانکۆی ئازاد دەداتە خوازیارەکانی و لە بەرانبەردا بە وەرگرتنی ٦٥ ملیۆن تمەن بۆ بوارگەلی کارناسی و نزیکەی ٢٤ ملیۆن تمەن بۆ بوارگەلی ئەدەبی و هتد... خەڵک بە شێوەی فەرمی دەبنە خوێندکاری زانکۆی ئازاد.

ئەو کەسانە لە ڕۆژی یەکەمی ناونووسینەوە، کارتی خوێندکاری، کارتی ڕێگەپێدان بۆ سەر تاقیکاری و کارتی سندووقی خزمەتگوزاریی خوێندکارییان پێ دەدرێت و دەچنە ڕیزی خوێندکارەکانی زانکۆوە، بەڵام وەکوو خوێندکارێکی گواستراوە لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەیە.

ئەمە تەنیا یەک دانە لەو دامەزراوانەیە و زانکۆکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ئەو دامەزراوانەوە پارەی گیرفانی خەڵک دەردێنێت و کۆمەڵگا پڕ دەکات لە زانکۆ ڕۆیشتووی نەخوێندەوار.

ئەو "کاسبی" کردنە بە پشتڕاستکردنەوە و مۆری زانکۆی ئازاد و وەزارەتی زانست لە حاڵێکدا پەرە دەستێنێت کە زانکۆی ئازاد بە بیانووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارەی مانگانەی ساڵی داهاتووی ئەو زانکۆیەی زۆرتر کردووەتەوە.