کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی ''میعاد'' لە مەهاباد بووەتە سوپێرمارکێتی بڕوانامەی زانکۆ

12:13 - 6 گەلاوێژ 2721

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پیلانی نەخوێندەوارڕاگرتنی گەنجانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە مەهاباد زۆر زیاتر بەڕێوە چووە، بۆ ئەو مەبەستە لە مەهاباد زانکۆیەک بە ناوی زانکۆی ''میعاد'' دامەزراوە و لەو ڕاستایەدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت.

ئەم زانکۆیە کە تەواوی کەربەدەستەکانی سەر بە ڕێژیمن، بۆ ئەوەی قوتابییان ڕابکێشن لە شێوەکانی جۆراوجۆری تەبلیغی کەڵک وەردەگرن.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە بڕوانامەیان لەو زانکۆیە وەرگرتووە دەڵێن: "ئێمە تەنیا پارەمان داوە و هیچ کتێبێک و وتار و کلاسمان نەبووە و تەنانەت نەمانزانیوە کێ مامۆستای وانەکان بووە و کاتی تاقیکارییەکانیش تەنیا ناوی خۆمان نووسیوە".

هاووڵاتییەک لەمبارەوە وتوویەتی: "ئەم کارە بووەتە هۆی نەخوێندەواریی ئاکادێمیی قوتابییان و خوێندکاران لە مەهاباد و کوردستان و جێگای داخە کە ئەو کەسانە لە دواڕۆژدا بە ئیدعای هەبوونی بڕوانامەی کارناسی و کارناسیی باڵا دەبنە پسپۆڕ، بەرپرس، فەرمانبەر و کاربەدەست و مامۆستای قوتابخانە".

کەسانی دڵسۆز لە شاری مەهاباد وتوویانە: ''خەڵک دەبێ ئاگادار ببێتەوە کە ئەو بنکەیە، ئامانجی ڕێژیمی ئاخوندی بەڕێوە دەبات و نابێ بە هیچ شێوازێک گەنجان فریوی ئەو سوپێرمارکێتە و بەناو زانکۆیە بخۆن".

ڕێژیمی ئێران پیلانی جۆراوجۆری تێکڕووخانی زانستەکانی ڕۆژی بەو مەبەستە داڕشتووە هەتا خەڵکی کوردستان نەخوێندەوار بمێننەوە و نەتوانن ڕێگای خۆیان ببیننەوە و ببنە دژبەری ڕێژیم.