کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی ئۆرشەلیم: ناکۆکییەکانی نێوخۆی ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی کە توانایی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ئێران کەم ببێتەوە

17:25 - 5 رێبەندان 2721

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی "ئۆرشەلیم" لە ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە کە ناکۆکییەکانی نێوخۆی ئەو وڵاتە، توانای ئیسرائیلی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

ئەو ناوەندە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندان، پێشکەشی "ئیتسخاک هەرتسوگ" سەرکۆماری ئیسرائیل کردووە، نووسیویەتی کە ئەو ناکۆکییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە توانای ئەو وڵاتە بۆ بەرەوپێشچوونی ستراتیژییەکی یەکدەست و درێژماوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی "تاران"، بەتایبەت بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە کەم ببێتەوە.

بەپێی نووسینی توێژەرانی ئەو دامەزراوەیە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە گەورەترین هەڕەشەی دەرەکی دژی ئیسرائیل دێتە ئەژمار، لە ئێستادا ئەو توانایەی هەیە کە لە ماوەی چەند حەوتوودا دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات. هەرچەند ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی "ئۆرشەلیم" لەسەر ئەو بڕوایەیە هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران بڕیاری کۆتایی بۆ جووڵەی ئەو بەشە نەداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئیسرائیل لە ئێستادا و لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە ستراتیژییەکەی بە دەستەوەستانی گەیشتووە و هیچ ڕێگاچارەیەکی شیاو و دڵخوازی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی توێژەرانی ئەو ناوەندە، گرێبەستێکی نیوەچڵ لەنێوان ڕێژیمی "تاران" و وڵاتانی زلهێز ماوەتەوە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئیسرائیل لەگەڵ شەپۆلێک هەوڵی گرووپە داندراوەکانی ئەو ڕێژیمە بەرەوڕوو بکاتەوە و ڕێگای ڕێژیمی ئێرانیش بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی ئاسانتر بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەگەر دانیشتنەکانی "ڤییەن" بە ئاکامێکی باش نەگەن، ڕێژیمی ئێران دەتوانێت بە ئاسانی ڕێگای خۆی بۆ لای دروستکردنی چەکی ناوکی درێژە پێ بدات.