کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زوود دویچە تسایتۆنگ: ئێران لە کۆتایی ڕێگەدایە!

17:50 - 2 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی سیاسی و ئابووریی لە ئێراندا گەیشتۆتە ئاستێک کە میدیا جیهانییەکان دەڵێن لە قۆناغی کۆتایی خۆی نیزیک بووەتەوە و هەنووکە هەموو جیهان بەجوانی هەستی پێدەکات.

ڕۆژنامەی بەناوبانگی " زوود دویچە تسایتۆنگ"ی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکدا بە قەڵەمی "پۆل ئانتۆن کروگێر" و لەژێر ناونیشانی "ئێران لە کۆتایی ڕێگەدایە!" ئاوڕی لە دۆخی ژیان لە بواری ئابووری و سیاسی لە ئێران داوەتەوە و نووسیویەتی: "قەیرانەکە ئەوەندە قووڵە کە دەبێ چاوەڕێی تەقینەوەیەکی بەهێز بین، هەنووکە هەموو جیهان درک بەو دۆخە دەکات".

ئەم ڕۆژنامەوانە ئاڵمانییە لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە تاران لە بەرەبەری تەحریمی جیدیی جیهانیدایە، دۆخی ژیانی ئێرانییەکان گەلێک خراپە، وێرانی ئابووریی ئێران لە ئێستاوە کە هێشتا تەحریمە نوێیەکان دەستی پێنەکردووە خۆیان دەرخستووە، بایەخی دراوی ئێران زۆر بە خێرایی دابەزیوە و بازاڕی ئێران دەریخستووە کە ئەگەر تەحریمەکان بێنە ئاراوە چی ڕوو دەدات!!

ناوبراو یەکێک لە بازاڕییەکانی تاران دەدوینێ و لە زاری ئەم هاووڵاتییەوە دەڵێ: کار و کاسبی نەتەنیا باش نییە بەڵکوو هەر بوونی نییە، ئێمە ڕۆژانە بە چایی خواردنەوە کاتی خۆمان تێدەپەڕێنین و بێکارین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاوڕ لە مانگرتنەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو دراوەتەوە و تێیدا هاتووە: ساڵی ٥٧ مانگرتنەکانی بازاڕ بواری خۆش کرد بۆ ئەوەیکە ڕێژیمی شا بڕوخێت؛ دواتر باس لە نرخی دۆلار لە ئێران دەکات کە چەندە کاریگەری هەبووە لەسەر ڕەوشی ئابووریی ئێران و دەڵێ دۆلاری دەوڵەتیش ناتوانێ چیدیکە چارەسەری دۆخی ئابووریی ئێران بکات.

"پۆل ئانتۆن کروگێر" نووسیویەتی: تەنانەت کۆمپانیا بچووکەکانیش بەهۆی نەبوونی بازاڕی فرۆش و گرانی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان تووشی مایەپووچی بوون و ئەگەری داخرانی یەکجارییان لە ئارادایە؛ لە زاری بەڕێوەبەری یەکێک لەم کۆمپانیایانەش وتوویەتی: لە بارودۆخێکدا گیرمان کردووە کە ناچارین هاوکارەکانمان لەسەر کارەکانیان دەر بکەین و کارگەکانمان دابخەین.

دواتر باس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لەلایەن لاوانەوە دەکات و دەنووسێ: ناڕەزایەتییەکان لە ئێران تەنیا بە سنفی بازاڕ نەبەستراوەتەوە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە کە لە نێویاندا لاوان نەخشێکی بەرچاوتر دەگێڕن. ئەوان دەڵین هیچێکمان نییە تاکوو بیدۆڕێنین کەواتە هەر کارێکمان لە دەس بێت دەیکەین.

پاشان وێڕای باس کردن لە گووشارە دەرەکییەکان بەتایبەت لەلایەن ئامریکاوە ئاوڕ لە خەباتی ژنان، ژینگەپارێزان، چالاکانی سیاسی و هەموو توێژەکان دەداتەوە و هەر کام بە جیا شی دەکاتەوە و لە کۆتاییشدا دەنووسێ: "ئێران لە کۆتایی ڕێگەدایە!".