سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە ئێران باسی لەوە کردووە ٤٠ لەسەدی شێرپەنجەکان دەکرێ پێشیان پێ بگیرێت و ٤٠ لەسەدیشیان چارەسەریی تەواویان بۆ دەکرێت.
دوکتور "محەممەد ئیسماعیل ئەکبەری" وتوویەتی؛ تێچووی چارەسەریی شێرپەنجە دوو هێندەی چارەسەریی نەخۆشییەکانی دیکەیە و ساڵانە ١٥٠ جۆر شێرپەنجەی نوێ تۆمار دەکرێت.
ناوبراو باسی لەوە کردووە لە سێ ساڵی ڕابردوودا شێرپەنجە سێهەمین هۆکاری مردنی خەڵک بووه؛ بەڵام لە ئێستادا تووشبوون بە شێرپەنجە دووهەمین هۆکاری مردنە لە ئێراندا.
ئەکبەریی وتوویەتی، پێویستە کاربەدەستانی ڕێژیم پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشییە دابڕێژن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زۆربوونی نەخۆشیی شێرپەنجە پیسبوونی هەوایە.
بەپێی قسەکانی ناوبراو هیچ وڵاتێک بە ڕێژەی ئێران نەخۆشیی شێرپەنجەی نییە. بە وتەی ناوبراو شێرپەنجەی گەدە زۆرترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئێراندا.