کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی خەڵکی ئێران بێکارن

14:03 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بێکاری لە ئاستی ئێراندا لە باسی ئامار و شرۆڤەی شیکارییەکاندا تێپەڕیوە و زۆربەی حەشیمەتی ئێرانی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان بە نیسبەت دۆخی بێکاری لە لایەن ئۆرگان و ناوەندەکانی ڕێژیمەوە، بە هۆی ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ حەشیمەتی بێکاران لە ئێراندا زیاد دەکات ئەم دیاردەیە بە ئامار پێناسە ناکرێت،.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە کۆی گشتیی ٨٢ میلیۆن کەس لە ئێراندا، ٢٧ میلیۆن کەس بێکارن. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە لە هەر ٣ کەس لە ئێراندا، تەنیا یەک کەس کاری هەیە.

ناوەندی ئاماری ئێران، پاییزی ساڵی ٩٧ بڵاوی کردەوە، کە حەشیمەتی بێکاری لە ٥٦ هەزار و ٣٧٤ کەسەوە بۆ ٣ میلیۆن و ١٥٩ هەزار کەس بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم نرخی بێکاریی لاوانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٩ ساڵە لە ئێراندا ٢٥ لەسەدە، کە هەموویان خوێندەوارن و بەشی زۆریان دەرچووانی زانکۆوەکانن.

لە دوایین ئامارەکانی خودی ڕێژیم، ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە نزیک ٢٦ لەسەد.

هاوکات گەشەی ئابووریی لە ئێراندا بۆ مەنفی ٣.٨ لەسەد دابەزیوە.

پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پلەی یەکەمیان لە بواری بێکاریدا هەیە و هاوکات کارگە و کارخانەکانیش بەرەو داخران دەچن.

ناوەندی ئاماری ئێران، بانکی ناوەندی و ناوەندی ئاماری مەجلیسی ڕێژیم، سێ ناوەندی جیاوازن کە ئامار بڵاو دەکەنە، بەڵام ئامارەکانی ئەو سێ ناوەندە لە هیچ بوارێکدا یەک ناگرنەوە.

هاوکات خودی بەرپرسانی ڕێژیم، دان بەوەدا دەنێن کە ئامارەکان لە هەر بوارێكدا کە بڵاو دەکرێتەوە دوور لە ڕاستین.