کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ۹۰ تێرۆریستی میلشیای ڕێژیمی ئێران لە یەمەن کوژراون

12:55 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشەکانی سپای نیشتمانی یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بۆ سەر میلیشیا چەکدارە حووسییەکان و هێزەکانی تری ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، زیاتر ۹۰ تێرۆریست کوژراون.

سەرلەئێوارە ڕۆژی هەینی، ۶ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای "ئەلزالع"، چەندین هێرشی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بە هاوکاریی میلیشیا تێرۆریستییەکانی تری ئێران و هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان تێک شکاندووە و شەڕ و پێکدادان هاتووەتە ئاراوە، کە لە ئاکامدا ۳۰ تێرۆریستی میلیشیا چەکدارەکانی ئێران، کە یەکیان فەرماندەیەکی گەورەی هێزە تێرۆریستییەکانی حووسی بە نێوی "ئەبو حەمزە" بووە، کوژراون.

سەرچاوەی هەواڵدەریی سپای نیشتمانیی یەمەن، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاندووە، لە درێژە ئەو شەڕ و پێکدادانەدا، هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن هێرشێکی ڕاکێتیان کردووەتە سەر میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییەکانی ئێران و زیاتر لە ٤۰ تێرۆریستی تر کوژراون و ژمارەیەکی زۆر کەلوپەل و کەرەستەی سەربازیی ئەو میلشیا چەکدارانە لە نێو بردراون.

هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بە فەرماندەیی عەرەبستانی سعوودی، لە چەند ناوچەی باشووری وڵاتی یەمەن، چەند هێرشی چڕوپڕیان کردووەتە سەر چەندین ناوەندی گشتی و شوێنی کۆبوونەوەی میلیشیا چەکدارە حووسییەکان و هێزە تێرۆریستییەکانی ئێران و زیانێکی زۆری گیانی و سەربازییان ‌پێ گەیشتووە.

لەم بارەوە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕایگەیاندووە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، لە ڕۆژاوای ناوچەی "مریس" و لە باکووری پارێزگای "ئەلزالع" هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر ناوەندێکی پشتیبانیی میلیشیا حووسییەکان و لە ئاکامدا چوار ترۆمۆبیلی زرێیی نەفەرهەڵگر، ترۆمۆبیلێکی تۆپهەڵگر و ترۆمۆبیلێکی تۆپدار لە جۆری PMB ئەو میلیشیا چەکدارانە تێک شکێندراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی ئەلحەدیس، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە چەندین هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بۆ سەر میلشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن و هێزە تێرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە کردووە و ڕایگەیاندووە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، کۆبوونەوەیەکی میلیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە باشووری شاری "دەمەت" کردووەتە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا زیاتر لە ۲۰ تێرۆریست کوژراون.