کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتی خەڵک لە گوندێکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا گیرا

12:32 - 7 بانەمەڕ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانیی ئیدارەی ئاگاهیی شاری سەوڵاوا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتی دوو کەس لە گوندی ''چۆڕ'' گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە ئەو دوو کەسە بە ناوەکانی ''موختار و سیروان'' سەرەڕای ئەوەیکە زیاتر لە ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتەکەیان لێ زەوت کراوە، لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی و ئاگاهییەوە بێ‌ڕێزیی زۆریان پێ کراوە.

ئەو دوو کەسە لە ڕۆژی ١ی بانەمەڕەوە، سەبارەت بەو تاڵانکارییەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران سکاڵایان بۆ هەر ناوەندێکی دیکەی ڕێژیم بردووە، بێ وڵام ماوەنەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەو مەڕوماڵاتەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، هەمووی لەنێو هێزەکانی ڕێژیمدا دابەش کراوە.

 ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە لە گوندی "شاوانێـ"ـی سەر بە شاری شنۆ، هێزەکانی سپای پاسداران زیاتر لە ٢٠ سەر مەڕی مەڕدارێکیان کە بۆ فرۆشتن بردبووە بازاڕ، دەستی بەسەردا گیرابوو.

هەروەها ماوەیەک پێشتریش لە گوندی "بلەکێـ"ـی سەر بە شاری بانە سپای تێرۆریستی پاسداران بە هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتابووە سەر ئەو گوندە و زیاتر لە ١٨٠ سەر مەڕی خەڵکی ئەو گوندەیان بە تاڵان بردبوو.