کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١١ میلیۆن کەس لە ئێراندا نەخوێندەوارن

12:02 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی خوێندەواریی لە ئێراندا، باسی لەوە کردووە، کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هیچ خوێندەوارییەکیان نییە، نزیک بە ١١ میلیۆن کەسە، بەڵام ئامارە جیهانییەکان دەری دەخەن کە ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ١١ میلیۆنە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس لەم ڕاپۆرتەدا وتوویەتی: سەرەڕای بوونی ٣ بەرنامە و پلانی ستراتیژی بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری، هەنووکە نزیک بە ٩ میلیۆن کەس نەخوێندەوارمان لە ئێراندا هەیە، بەڵام ئامارەکانی بانکی جیهانیی لەسەر ئەم پرسە باس لەوە دەکەن، کە ڕێژەی کەسانی خوێندەوار لە بەرانبەر هەموو حەشیمەتی ئێران، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ٦٥ لەسەد بووە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتووەتە ٨٥ لەسەد، بەم پێیەش ڕێژەی نەخوێندەوارانی ئێران زیاتر لە ١١ میلیۆن کەسە.

بەپێی ئامارەکانی یونسکۆش ٢ لەسەدی لاوانی ژێر ٢٤ ساڵی ئێرانی هیچ خوێندەوارییەکیان نییە؛ لە حاڵێکدا کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتانی دراوسێی ئێران لەوانە: ڕووسیە، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، تورکەمەنستان و تورکیە، کەمتر لە ١ لەسەد و تەنانەت سفر لەسەدە.

بەپێی ئەم ئامارانە زۆرترین نرخی نەخوێندەواریی لە ئێران لە پارێزگاکانی: سیستان و بەلووچستان، سنە، ورمێ، لوڕستان و ئەردەبێڵە، کە نەتەوە ستەملێکراوەکانیان تێدا نیشتەجێیە.