کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی داڵاهوو لە ئاگردا سووتا

11:02 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاگرتێبەردان لە دارستانەکانی زاگرۆس بەردەوامە و لە ئەمساڵدا بە سەدان هێکتار لە داربەڕوو  و لێڕەوار و مەزراکانی کوردستان، بوون بە قەقنەس.

ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ٨ و ٩ی گەلاوێژ، بەهۆی ئاگربەردان لە دارستانەکانی داڵاهوو، سەر بە شارستانی سەرپێڵ زەهاو، زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە داربەڕوو و لەوەڕگەکانی ئەم دارستانە بوون بە خۆڵەمێش.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە سەرپێڵ زەهاو، ئەم ئاگرانە هۆکارێکی سروشتیی نییە و زۆرتر لە لایەن ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانیانەوە، بەر دەدرێنە دارستانەکانی کوردستان.

هەروەها، ئەم ئاگرانە لە لایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە کۆنترۆڵ کراون و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ کوژاندنەوەیان نەداوە.

ئەم ئاگربەردانانە، لە درێژەی هەوڵ و سیاسەتی ڕێژیم بۆ کاولکاریی سروشت و ژینگەی کوردستان دێت و لە بەرامبەردا، خەڵکی کوردستان بە کەمتەرین کەرەستەی ئاگرکوژاندنەوە، بەرەوڕووی ئەم ئاگرانە دەبنەوە.