ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، "نوورەدین سوڵتانیان" وتەبێژی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیسفەهان وتی، دوو کەس لە ناڕەزاییانی ڕۆژی هەینی کە بە گولـلەی ساچمەیی پێکرابوون، دۆخی تەندروستییان باش نییە.
"سوڵتانیان" وتی: "هەتا ئێستا هیچ یەک لە بریندارانی ڕۆژی هەینی گیانیان لەدەست نەداوە و ناتوانین ئاماری بریندارانیش ڕابگەیەنین".
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی هەینی زیاتر لە ١٢٠ کەس دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی "دەستگرد" کراون. دۆخی تەندروستیی سێ کەس لە دەسبەسەرکراوان باش نییە و ئەگەری هەیە گیانیان لەدەست دابێت.
هاووڵاتییان لە ئیسفەهان بەنیسبەت وشکبوونی سیستماتیکی ڕووباری "زایەندەڕوود" و لەنێوچۆنی
کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە بەهۆی ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم و گرینگینەدانی بەرپرسان، ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک دێنن.
ناڕازییان لەو کۆبوونەوانەدا دژی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت "عەلی خامنەیی" دروشمیان داوە و دەڵین: "بەڕێوەبەری بێ کیفایەت دەبێ لەسەر کار وەلا بنرێت".
وشکەساڵیی بەردەوام لە ئێران و گرینگینەدان بە ژینگە و هەروەها بەڕێوەبەریی سەقەت لە دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم بووەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان.