کوردستان میدیا

سێشەممه 24ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیانی سیاسی بەبۆنەی گەڕانەوەی "عوسمان مستەفاپوور" بۆ نێو ڕیزەکانی شۆڕش پەیامێکیان بڵاو کردەوە

14:14 - 9 جۆزەردان 2720

کۆمه‌ڵێک له‌ زیندانییانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بەبۆنەی گەڕانەوەی زیندانیی سیاسیی کورد "عوسمان مستەفاپوور" بۆ نێو ڕیزەکانی شۆڕش کە ماوەی ٢٨ ساڵ لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا بوو، پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ زیندانییانی سیاسی له‌ شاره‌کانی: ''کرماشان، سنه‌، مه‌ریوان، سه‌قز، بۆکان، مه‌هاباد، ورمێ، نه‌غه‌ده‌، پیرانشار، شنۆ، سه‌رده‌شت، سه‌ڵماس و ڕه‌به‌ت،'' به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ و ڕزگاربوونی هاوڕێی ئازیز و هێژامان کاک ''عوسمان مستە‌فاپوور'' پاش زیاتر له‌ ٢٨ ساڵ به‌ندکردن له‌ چاڵه‌ ڕه‌ش و بێداده‌کانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ نێو بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاتنه‌وه‌ی بۆ نێو ڕێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، پڕ به‌ دڵ پێروزبایی له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و زیندانییانی سیاسی و خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌که‌ین.

ئێمه‌ش له‌و ڕۆژه‌ خۆشه‌دا، له‌گه‌ڵ ڕێبازه‌ پیرۆزه‌که‌مان له‌ حیزبی پێشڕه‌و و شۆڕشگێڕ و خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبه‌رانی شه‌هید و هه‌زاران شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکی کوردستان په‌یمان نوێ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ تا دوادڵۆپی خوێنمان بۆ ساتێکیش ده‌ست له‌ خه‌بات و تێکۆشان له‌ پێناو مافی ڕه‌وای کورد هه‌ڵنەگرین.

به‌ خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵێن ده‌ده‌ین، چ له‌ شار بین یان له‌ شاخ یان له‌ سه‌نگه‌ری به‌ندیخانه‌ تاریکه‌کانی ڕێژیمی ئیسلامی، له‌ تێکۆشان و خه‌بات به‌رده‌وام ده‌بین.

سڵاو له‌ حیزبی خۆشه‌ویستی گه‌لی کورد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاو له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان

سڵاو له‌ زیندانییانی سیاسی

سڵاو له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان