کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییانی بەندیخانەکانی ئێران لە دۆخێکی مەترسیداردان

18:32 - 24 خاکەلێوه 2720

کۆمەڵگای جیهانیی بەهایی بەنیسبەت ئەو بەهاییانەی کە لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە ڕێژیم کردووە کە بە زووترین کات ئازادیان بکات.

''بانی دوگال''، نوێنەری باڵای کۆمەڵگای جیهانیی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە ڕاگەیاند: ''کۆمەڵگای جیهانیی بەهایی داوای لە ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەو بەهاییانەی کە لە زینداندان ئازاد بکات".

ناوبراو وتوویەتی: ''ئەو کەسانە بێتاوانن و نەدەبا هیچ کات زیندانی کرابان، بەندکردنی ئێستای ئەوان نەتەنیا ناعادڵانەیە بەڵکوو گیانی ئەوان لە مەترسی کەوتووە. لە ڕاستیدا هەموو زیندانییانی عەقیدەتی دەبێ ئێستا ئازاد بکرێن''.

ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی کە سزاکەیان زیاتر لە ٥ ساڵە، لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.

سەرەڕای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی ئێران و تووشبوونی ژمارەیەک لە زیندانییەکان بەم نەخۆشییە، لە مافی پێدانی مورەخەسی یان ئازادیی مەرجدار بێبەرین.

هەروەها ''جاوید ڕەحمان''، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، جەختی کردبووەوە کە ڕاگرتنی زیندانییانی سیاسی لەو دۆخەدا جیگای نیگەرانییە و داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە هەموو زیندانییان بەشێوەی کاتی ئازاد بکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا و پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران، بەندکراوانی بەندیخانەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی، مانگرتن و تەنانەت سووتاندن و ڕووخاندنی بەندیخانەکان.