کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێراوی شارەکی پیشەیی مەهاباد کێشەی بۆ گوندەکانی دەوروبەری دروست کردووە

11:46 - 11 بەفرانبار 2721

ماوەیەکی زۆرە زێراوی شارەکی پیشەیی مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕێگای مەهاباد ـ میاندواو دەڕژێتەوە نێو زنەکێشەکانی قەراخ جادە و بووەتە هۆی دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش و دانیشووانی ناوچە و بە تایبەت گوندەکانی دەوروبەر ئازار دەدات.

ئەو زێراوە سەرەتا دەڕژێتە نێو زەوییە کشتوکاڵی و باخەکانی "ترشەکان" و پاشان دەڕژێتە نێو زنەکێشەکانی شاری "گوێکتەپە"، دواتر لە ڕێگای زنەکێشەکانەوە دەگاتە شارەکی دامداریی "جەهادئاباد" و دوای تێپەڕبوون لە گوندی "حاجی خۆش" و "گردەگڕوێ" لە کۆتاییدا دەڕژێتە تاڵاوی نێودەوڵەتیی "بابا عەلی".

دوو ساڵ لەمەوپێش دانیشتووانی گوندی "دریاس" بەهۆی ڕژانی زێراو لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە، ژەهراوی ببوون.

لە ئێستادا زێراوی ئەو شارەکە دزەی کردووەتە نێو ئاوی خواردنەوەی چەند گوند کە بە وتەی بەرپرسان پێشی پێ گیراوە، بەڵام دانیشووانی ئەو گوندانە ئێستاش لە کوالێتیی ئاوی خواردنەوەیان ناڕازین.

هاووڵاتییانی "گوێکتەپە" و چەند گوندی دیکە لەهەمبەر بۆنی ئەو زێراوە لە دۆخێکی خراپدان و هەتا ئێستا چەندین جار سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام وڵامێکی چارەسەرسازیان وەرنەگرتووەتەوە.