کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: بۆ دانیشتن لەگەڵ ئێمە دەبێت ئامریکا لە دەوڵەتەکەی گۆڕانکاری جیدی پێک بێنێت!

12:02 - 14 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پێشمەرجی بۆ دانیشتن لەگەڵ ئامریکا هەیە و داوای پێکهێنانی گۆڕانکاریی جیدی لە دەوڵەتی ئەو وڵاتەدا دەکات.

محەممەدجەواد زەریف، لە نوێترین قسەکانیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی"ئەلجەزیرە"، لە بارەی هەبوونی ئەگەری دانیشتن لەگەڵ سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند: "لە سیاسەتدا نابێت بوترێت هەرگیز، بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕەم کە پێویست دەکات، لە دەوڵەتی ئامریکادا دەبێت گۆڕانکاریی جیدی ڕوو بدات".

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەویش وەک ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتووێژ لەگەڵ ئامریکا بە هەڵە دەزانێت، وتی: "ئامریکایییەکان، بەتایبەتی ئەم دەوڵەتە جێگەی باوەڕ نین و ناتوانرێت پشت بە واژۆ و بەڵێنەکانیان ببەسترێت".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە نەکردووە، کە مەبەستی لە گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی ئامریکا چییە و چ جۆرە گۆڕانکارییەک جێگەی پەسەندی ڕێژیمە تیرۆریستییەکەیانە.

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم مەرجی دانیشتن لەگەڵ ئامریکایان بە گۆڕانکاریی لە هەڵسوکەوتەکانی ئەم وڵاتە دانابوو، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کامێكیان باسی گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی ئامریکادا نەکردبوو.

ئەم قسانەی محەممەدجەواد زەریف لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی باڵای ئامریکا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئامانجیان لە گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئەم ڕێژیمەیە و دانڵد  ترامپ  باسی لەوە کردووە، کە لە کۆتاییدا ڕێژیمی ئێران ناچار دەبێت بێتەوە سەر مێزی وتووێژ.

هەر لەم ڕاستادا ڕێبەر و بەرپرسانی باڵای  ڕێژیمی ئێران زۆر بە توندی دانیشتنیان لەگەڵ ئامریکا ڕەت کردبووەوە و پەشیمانیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی ڕابردوو لەگەڵ ئەم وڵاتە دەربڕیبوو.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەدجەواد زەریف بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە توندی ڕەت کردەوە و گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئەسەدی بەوە تۆمەتبار کرد، کە لە خەڵکانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرن.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە، کە دەستەیەکی هاوبەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی پێشگرتن  لە چەکە کیمیاییەکان وتوویەتی: کە ڕێژیمی سووریە چەندین جار لە گازی سارین بە شێوەیەکی زۆرتر لە گازی کلۆرین بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە دژبەرەکانی وەرگرتووە.