کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: ئەگەری خراپکاریی ئامریکا لە ناسەرکەوتوویی هاویشتنی ماهوارەی ئێرانی بەدی دەکرێت

12:29 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، لە هەموو بوارێکدا خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن و کاتێک کە لە کارێکدا سەرکەوتوو نابن، کەموکۆڕییەکان دەخەنە ئەستۆی وڵاتانی وەکوو ئامریکا و ئیسرائیلەوە.

محەممەدجەواد زەریف، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئن.بی.سی"، باسی لەوە کردووە، کە پێدەچێت بە هۆی خراپکارییەکانی ئامریکا، هاویشتنی دوو ماهوارەمان بۆ ئاسمان سەرکەوتوو نەبووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ٢٥ی بەفرانبار، ڕایانگەیاند، کە مووشەکی هەڵگری ماهوارەی پەیامیان بەرەو ئاسمان هاویشتووە، بەڵام ئەم مووشەکانە خێرایی پێویستیان نەبووە، بۆیە ماهوارەکەش نەیتوانیوە لە جەغزی زەویدا جێگیر ببێت.

ئەم قسانەی زەریف پاش ئەوەی بووە، کە نیوویوورک تایمز، ٢٣ی ڕێبەندان، لە زاری ٦ بەرپرسی پێشوو و ئێستەی ئامریکا، نووسیبووی: دانڵد ترامپ، گەڵاڵەی نهێنیی ئەمنییەتی ـ نیزامی سەردەمی جۆرج دەبلیوو بووشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستووەتەوە.

ڕۆژنامەی نیوویوورک تایمز، لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، نووسیبووی: کە هۆکاری بەدواکەوتنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، بۆ هێرشە سایبێرییە هاوبەشەکانی ئامریکا و ئیسرائیل و کەرەستەی خراپی "ئێستاکس نێت" دەگەڕێتەوە، کە زەبری کاریگەری لە ڕەوتی چالاکییەکانی پیتاندنی ئۆرانیووم لە ئێران داوە.

محەممەدجەواد زەریف، هەروەها لەم وتووێژە باسی لەوە کردووە، کە حەڵقەیەک کە شەڕی ئامریکا لەگەڵ عێراقی وەڕێ خست، بە دوای شەڕ لەگەڵ ئێرانیشە، بەڵام بەو کەسانەی کە لە دەوڵەتی ترامپدا لە هەوڵی دەسپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێرانن، دەڵێم کە وەها شەڕێک بۆ ئەوان وەکوو خۆکوژییە.