"سادق تەباتەبایینژاد" ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیسفەهان لە مەجلیسی ڕێژیم، سەبارەت بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان لە ئیسفەهان وتی: "ڕۆژی ڕابردوو کەسانی دژە ئینقلاب، نەیاری خەڵک و دسەڵاتمان لەنێوان ناڕازییان دیتووە، هەروەها ناڕازییان وەرزێڕ نین بەڵکوو دژە ئینقلابن".
ناوبراو زیادی کردووە: "لە ئێستادا کە ئێمە سەرقاڵ بە دانوستانەکانی بەرجامین، دژبەرانی ئێمە بەنیازن لەنێوان خەڵکدا ئاژاوە و ناکۆکی دروست بکەن و بە نیشاندانی سیمایەکی شێواو لە ئێران دەیانهەوێت نیشان بدەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵسوکەوتێکی ئاشتیخوازانەیان لەگەڵ خەڵک نییە".
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاووڵاتییان لە ئیسفەهان سەبارەت بە وشکبوونی سیستماتیکی ڕووباری زایەندەڕوود و لەنێوچوونی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە بەهۆی ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم و گرینگینەدانی بەرپرسان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
کێشەی بێ ئاوی لە ئێران بووە بە قەیران و هاووڵاتییان لە زۆربەی پارێزگاکان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە توندوتیژی وڵامیان پێ دەدرێتەوە.