کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٤٥ هەزارکەس لە ئێران دەبنە قوربانیی دەوا و دەرمانی هەڵە

13:01 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پێدانی دەرمانی هەڵە بە نەخۆشەکان لە ئێراندا لە ساڵدا ٤٥ هەزار کەس دەکاتە قوربانی کە ٣ هەزار کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن.

لە راپۆرتی یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیمدا، باس لە هەڵەی پزیشکەکان لە ئێران کراوە کە لە بەشی هەڵسەنگاندنی نەخۆشییەکان و پێدانی دەرمان بۆ چارەسەری، هەڵەی پزیشکەکان دەبێتە هۆی قوربانی بوونی ساڵانە ٤٥ هەزار کەس لە ئێراندا کە ٣٠٠٠ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن.

هەروەها باس لەوە کراوە کە دەرمانخانەکانیش ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرزبوونەوەی ئەو ئامارە؛ لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەرمانخانەکان ئەرکدارن کە نوسخەکانی دەرمان کە لە لایەن پزیشکەکانەوە دەنووسرێت چێک بکەن و لە ئەگەری هەڵە، نەخۆش ئاگادار بکەنەوە، بەڵام دەرمانخانەکان بە گشتی لەو بوارەدا کەمتەرخەمن.

عەلی فاتمی، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی داروسازانی ئێران، لەو پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو ئامارە، لەوە زیاتریشە و زۆر نەخۆش هەن کە بۆیان دەرناکەوێ چارەسەری هەڵەیان وەرگرتووە و ژاراوی بوونەکەیان بە هۆی دەرمانی هەڵە بووە؛ لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کەسانێکی زۆریش دەرفەت و ئیمکانی ئەوەیان نییە کە پێداچوونەوە بەسەر هەڵەکان بکەن و دەزگا پێوەندیدارەکان ئاگادار بکرێن.

لە سەرانسەری ئێراندا، بە بەردەوامی هەواڵی هەڵەی پزیشکی بڵاو دەبێتەوە و نەتەنیا لە بەشی دەرمان بەڵکوو لە کاتی جەراحی کردندا هەڵەی پزیشکەکان بووەتە هۆی گیان لەدەستدان، فەلەج بوون و کەمئەندامی و...هتد.