کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە چالاکیی تەبلیغی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەرز راگیرا

18:35 - 30 بەفرانبار 2714

کووردستان مدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان وەکوو رۆژێکی مێژوویی بەرز راگرت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٦٩ـەمین سالڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان، یەکەمین دەوڵەتی مودێڕنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەکۆی چالاکیی تەبلیغی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بوون و ژمارەیەکی بەرچاو تراکت و پۆستێری تایبەت بەو رۆژە پڕشکۆیە، بڵاو کرایەوە.

ئەو راپۆرتانەی کە لە کوردستانی ئێرانەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتوون باس لە چالاکیی بەرینی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢ی رێبەندان، ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەن.

لەم راپۆرتەدا، چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی سنە، ئورمیە، شنۆ، کامیاران و مەریوان، بڵاو دەکرێتەوە.

سنە

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە بەرەبەرەی ٦٩ـەمین ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە چالاکیی بەرینی تەبلیغاتی لە گەڕەکی شەریف‌ئاوا، گریاشان، دگەران و شەقامی ژاندارمری، ساڵڤەگەری دامەزراندنی حکوومەتی بەشکۆی کوردستانیان بەرز راگرت.

شنۆ

رێبوارانی رێگای ئازادیی کوردستان، خەباتگێڕانی رێبازی دێموکرات و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ و گوندەکانی ئەم سارە بە چالاکیی تەبلیغاتی و ئاگر کردنەوە، بەرەو پیری ساڵیادی رۆژی مێژوویی ٢ی رێبەندان، ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە چوون.

شەوی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوانی خەباتگێڕی رێگای ئازادیی کوردستان لە شنۆ لە کێوی ئاسانان لە پشت گوندی شاوانی بە بۆنەی ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئاگریان کردەوە.

هەروەها، لە دەوروبەری مزگەوتی حەنیفان، مزگەوتی بازار، گەڕەکی رەحیم ئاوا، پارکی ساحیلی، فەلەکەی قەبری شەهیدان، مزگەوتی مەلا تەها و کوچەی بابایی لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتەوە چالاکیی بەرینی تەبلیغاتی ئەنجام دراوە.

کامیاران

لاوانی شۆڕشگێڕ و رێڕەوانی رێبازی قازی محەممەد، قاسملوو و شەرەفکەندی لە شاری کامیارانیش بە چالاکی تەبلیغاتی بەرەو پیری ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان چوون.

شارەکی تەروەڕێز، شارەکی بێعسەت و ئاپارتمانیەکان و دەوروبەری، دەوروبەری دەبیرستانی رازی و ئیدارەی سەبت و ئەحواڵ و گەڕەکەکانی دەروبەری دەبیرستانی موعەلیم و فاتمەی زەهرا، ئەو شوێنانەی شاری کامیارانن کە لەلایەن لایەنگرانی حیزبی دێموکراتەوە بە بۆنەی ٢ی رێبەندان چالاکیی تەبلیغیان تێدا بەڕێوەچوو.

مەریوان

لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گوندی مێراو، بێساران، هوویە، سەرهوویە و ساڵیان بە بڵاو کردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢ی رێبەندان، ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت.

لاوانی خەباتگێڕی کورد لە‌و گوندانەدا و بەتایبەت لە گوندی ساڵیان بە نووسینی دروشمی قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی رێگاتان درێژەی هەیە و بڕۆخێت رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بژی دێموکرات و سڵاو بۆ کۆماری کوردستان، چالاکیی تەیلیغییان بەڕێوەبردووە.

ئورمیە

تراکت و پۆستێرئ ئامادەکراو لەلایەن کومسیسۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ساڵڤەگەری دامەزراندنی کوردستان لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکی ئیسلام ئاباد، ناوچەی دزەی سیاوەش و کووی مستەفازادە و هەروەها شارەکی تەرزیلوو بڵاو کرایەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئیسلام ئابادی ئورمیە لە ناوەندی ئەم شارەکە، تەواوی ٢٧ کووی خوسرەوی، پاسگا، بانکی سادرات، فەلەکەی کوشتارگا، شەقامی پوور ڕەشید، فەلەکەی مادەر، کۆمیتەی ئیمداد، ئیساری ئومید و ئاپادانا چالاکی تەبلیغییان کردووە.

تراکت و پۆستێری تایبەت بە رۆژی ٢ی رێبەندان لە شارەکی تەرزیلوو لە مزگەوتی محەممەد رەسولەڵا، کووچەی ئیحسان، کوچەی یەک هەتا هەشت و شەقامی قاوەی قاباغی لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە بڵاو کراوەتەوە.

پێشتریش لە چەند رۆژی رابردوودا، لە بەرەبەری ٦٩ـەمین ساڵڤەگەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، مەهاباد و رەبەت چالاکیی بەرین بەڕێوە چووبوو.