کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی ٩٩ داهاتی نەوتیی ئێران ٣٧ لەسەد دابەزیوە

18:30 - 16 گەلاوێژ 2721

''محەممەد نەهاوەندیان'' جێگری ئابووریی سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی دوایین ڕاپۆرتی ئابووریی دەسەڵاتی ڕووحانی پیشانی داوە کە لە ساڵی ٩٩دا هەناردەکردنی نەوت بەنیسبەت ساڵی ٩٨ی هەتاوی ٣٧ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ١٨.٣ میلیارد دۆلار.

هەروەها هەناردەکردنی کاڵا غەیرەنەوتییەکانیش بەنیسبەت ساڵی ٩٨ نزیکەی ١١ لەسەد دابەزینی هەبووە.

ئامارەکانی ئەو ڕاپۆرتە پیشان دەدات کە ساڵی ڕابردوو هەموو داهاتە دراوییەکانی ئێران وەکوو نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان، گاز، بەرق، کاڵا غەیرەنەوتییەکان و خزمەتگوزارییەکان ٤٨ میلیارد و ٦١٤ ملیۆن دۆلار بووە کە بەنیسبەت ساڵی ٩٨ یەک لەسەر سێ دابەزینی هەبووە.

تێکشاکانی هەناردەکردن و داهاتە دراوییەکانی ئێران بووەتە هۆی ئەویکە هاوردەکردنی ئەو وڵاتە لە ٦٧ میلیارد دۆلارەوە لە ساڵی ٩١ بۆ ٥٢ میلیارد دۆلار لە ساڵی ٩٨ دابەزێت و ساڵی ڕابردووش بۆ ٤٦.٦ میلیارد دۆلار دابەزێت.

ئێران پێش لە ساڵی ٩٩ ساڵانە نزیکەی ١١ میلیارد دۆلار هەناردەکردنی هەبووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا داهاتی سەرانەی خەڵکی ئێران لە ساڵی ٩٩ نزیکەی ٥ ملیۆن تمەن بووە کە بەنیسبەت ساڵی ٩٢ دابەزینی بەرچاوی هەبووە.

''نەهاوەندیان'' لەو ڕاپۆرتەدا وتوویەتی ساڵی ٩٢ زیاتر لە ١١٢ هەزار پیشە دروست بووە بەڵام ساڵی ٩٩ ڕێژەی ئەو کاروکاسبییانەی کە دروست بوونە نەرێنیی یەک ملیۆن و ١٠ هەزار کەس بووە.

لەو ئامارەدا هاتووە هەموو ماڵیاتەکان بەنیسبەت داهاتی گشتی لە ٦٨.٩ لەسەد لە ساڵی ٩٢ گەیشتووەتە ٧٤.١ لەسەد لە ساڵی ٩٩دا.

نەختینەیی ئێرانی لە ٦٣٩ هەزار میلیارد تمەن لە ساڵی ٩٢دا گەیشتووەتە زیاتر ٣ هەزار و ٤٧٥ میلیارد تمەن لە ساڵی ٩٩دا.

پێشتریش سندوقی نێونەتەویی پارە لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیک بە ٦٨ میلیارد دۆلار داهاتی پارەی هەبووە کە بەنیسبەت ساڵی ٢٠١٨ یەک لەسەر سێ دابەزیوە.