کاروان مێراوی
ڕۆژی نەورۆز و جێژنی نەورۆز مێژوویەکی کۆن و دوورودرێژی هەیە کە زۆربەی نەتەوە و وڵاتەکان، بەتایبەتی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەی دەبن کە هەر نەتەوە و وڵاتێکیش بە سیمبۆل و هێمایەکی تایبەتی خۆیانەوە نەورۆز و جێژنەکەی پێناسە دەکەن، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لە نەورۆزی کوردستان و جێژنی نەورۆز لەنێو نەتەوەی کورددا بدەینەوە کە وەکوو بۆنە و جێژنێکی نەتەوەیی ساڵانە ڕێوڕەسمگەلێکی جەماوەری بەڕێوە دەچێت، هێمای خۆڕاگری، پێکەوە ژیان، یەکڕیزی، یەکگرتوویی و ڕۆژی یەکدەنگیی نەتەوەیی گەلی کورد بووە، بۆیە لەلای ئێمە بە جێژنێکی نەتەوەیی و بۆنەیەکی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت و هەر ساڵێکیش بە ناوی هێمایەکی کوردەوارییەوە بەڕێوە دەچێت، وەکوو نەورۆزی ڕاسان، نەورۆزی جامانەکان، نەورۆزی سەمای ئازادین و... هتد، بەڵام بەداخەوە لەم دۆخە و لەم هەلومەرجەی ئێستای کوردستان و ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش کە بە هۆکاری ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەورەترین قەیران و کارەساتی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هاتووەتە ئاراوە، نەورۆزی ئەوساڵ بە نەورۆزی '"پارێزەرانی ژیان" ناودێر کراوە و بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە داوا لە خەڵکی کودستان دەکرا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە ئەو جێژنە بەڕێوە ببەن، داوا لە خەڵک دەکرێت کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کۆمەڵگای کوردستان و مرۆڤایەتیش لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و جێژنی نەورۆزیش بە شێوەی بنەماڵەیی و لە دەلاقەی ماڵەکانیانەوە بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە ببەن، ئەم داواکارییەش ڕاستە ڕوو بە کوردستانی خۆرهەڵاتە و بەردەنگی ئەو داواکارییەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتن، بەڵام هاوکات پەیامێکیشە بۆ پارچەکانی تری کوردستان و کوردەکانی تری ناوچەکانی تریش.
کوردستانی قەیراناوی
کوردستان کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە و هەرکام لە وڵاتە داگیرکەرەکانیش لەسەر شێوە و بیری کۆنەپەرستانە و چەقبەستووانەی داگیرکەرانەی خۆیان پارچەیەکی بەڕێوە دەبەن، بۆیە پارچەکانی کوردستانیان کردووەتە مەکۆی قەیرانەکان یان سەرهەڵدانی هەرجۆرە قەیرانێکیش لە هەرکام لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا ڕاستەوخۆ داوێنی ئەو پارچەیەش دەگرێتەوە کە دەسەڵاتە سەرەڕۆییەکەی خۆیانیان بەسەریدا سەپاندووە و بگرە خودی کوردستان بکەنە شوێنی سەرهەڵدانی قەیرانەکان، نموونەی ئەم باسەش دەتوانین ئاماژە بە کوردستانی خۆرهەڵات و پەرەپێدانی دەیان قەیرانی سروشتی و سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی دەستکردیش لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندەکانی جەمارانەوە بکەین.
باسکردن لەسەر پارچەکانی کوردستان ڕەنگە جیاواز بێت کە هۆکارەکەشی پێم وابێت ڕوون و ئاشکرایە و پێشتریش ئاماژەیەکی کورتم پێ کردووە، بۆیە لێرەدا زۆرتر جەخت لەسەر کوردستانی خۆرهەڵات دەکەینەوە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەهۆی ئەوەی کە لەژێر چەپۆکی دڕندەترین دیکتاتۆر و دەسەڵاتی سەرەڕۆی جیهاندایە ئەگەر بڵێین چاوەڕانییەکان بۆ قەیرانەکانی ئەو بەشەی کوردستان زیاترە هەڵەمان نەوتووە، چونکە وێڕای ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە تۆتالیتێرە بەردەوام لە هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیا و تەنانەت جۆگیرافیای کوردستانە و جیا لەوەش کە هیچ بایەخ و گرنگییەکی بە سەرهەڵدانی قەیرانە سروشتییەکانی وەکوو بوومەلەرزەی کرماشان دوو جار لە دوو قوناغ و دووساڵی جیاوازدا، لافاوی لوڕستان، بوومەلەرزەی کوتۆل و هەنووکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە نموونەی هەرە بەرچاون و جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێکی بۆ پێشگرتن یان لانیکەم قەرەبووکردنەوەی لاینکەمی قەیرانەکانی نەداوە، بەڵکوو بە چڕی هەوڵی بۆ پەرەپێدان و زیادترکردنی قەیرانەکان داوە و نموونەی ئەم باسەش دەتوانین ئاماژە بە پێشگرتنی یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و لافارلێدراوانی لوڕستان بکەین، هەروەها دەتواین ئاماژە بە لەمپەربوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەبەردەم کۆکردنەوەی یارمەتییە خەڵکییەکان و پێچانەوەی کەمپەینەکانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەسبەسەرکردنی دانەرانی کەمپەینەکان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە بکەین، جیا لەمانەش و لەوەش کە خودی ڕێژیم هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی دیکە وەکوو بێکاری، پەرەپێدانی نەخۆشییەکانی ئایدز، وەبا، هێپادیت، سێل و لەم دواییانەشدا کۆرۆنا بووە، دەیان قەیرانی تری دەستکردی لە وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵگادا هێناوەتە ئاراوە وەکوو، بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تووشبوونی کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەتی لاوان و مێرمنداڵان و لەم دواییانەشدا منداڵان، ئاساییکردنەوە و جێخستنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان (ئەخلاقییەکان) وەکوو پێوەندییە سێکسییەکان و دەستدرێژیکردن و... هتد.
لە ئێستادا کە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی خۆرهەڵات ساڵێکی پڕ لە قەیرانیان تێپەڕاند، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەشدا (٢٧١٩ی کوردی) و بەربەری ساڵی نوێ و جێژنی نەورۆز قەیرانێکی تری تێكەڵاو لە سروشتی و دەستکردی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە ڕاستیدا خودی ڕێژیم هۆکاری بنچینەیی و بناغەیی سەرهەڵدانی بوو، داوێنی خەڵکی گرتەوە و کارەساتێکی مرۆیی لە ئێراندا خولقاندووە کە بەداخەوە کوردستانیش بە دوور نەبووە لەم کارەساتە و بگرە زۆر خراپتر لە ناوچەکانی ئێران تووش بووە کە ئەویش بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەرەرپێدانی لەلایەن ڕێژیمەوەیە، ئەم ئاماژەیەش بەپێی دانپێدانانی خۆدی بەرپرسان و فەرمانبەرانی ڕێژیمە لە شوێنە پێوەندیدارەکان.
ڕاستە ئەم ڤایرۆسە لە شاری "ڤوهانـ"ـی وڵاتی چین سەری هەڵداوە و تەشەنەی کردووە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەڵام چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتەکان و خۆئامادەکردن بۆ پێشگرتن و هەروەها پێشوازیکردن لە ئاگاداری (هشدار) و ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی تەندروستی و بایەخدان بە هاووڵاتییان، سەرەکترین و یەکەم هەنگاوی پێشگرتن بە تەشەنە نەکردنی ئەو ڤایرۆسە و سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە جیهانییەیە لە وڵاتەکاندا لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە کە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان زۆر زیاتر لە ڕادەی پێویست ڕێکاری پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و پێشگرتن بە سەرهەڵدانی قەیران و کارەساتە مرۆیییەکان گرتووەتە پێش کە نموونەی پێش چاو هەرێمی کورستانی باشوورە، کوردستانی باشوور سەرەڕای ئەوەش کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و دراوسێی وڵاتی ئێران و کوردستانی خۆرهەڵاتە کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تووشی کارەساتی مرۆڤایەتی بوون، هەرێمی کوردستان کەمترین ڕیژەی تووشبوو و قوربانی بەو ڤایرۆسەی هەیە.
ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات
ڕێژیمی ئێران بە پێچەوانەی هەموو وڵاتان و دەسەڵاتە خەڵکییەکانی جیهان، جیا لەوەی کە سەرتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە، بە چەکێکی بایۆلۆژیی ئامریکای ناودێر دەکرد، پاش بڵاوکردنەوەی زۆر پڕوپاگەندای جیاواز و بە بیری کۆنەپەرستانەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و وێڕای ئەوەش کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو ڤایرۆسە گەیشتە وڵاتی ئێران و خەڵکێکی زۆر تووش بوون و قوربانییەکی زۆر درا، بەڵام ڕێژیم جیا لە شاردنەوەی ئاماری قوربانییەکان و حاشا و نکۆڵیکردن لەوەی کە ئەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە وڵاتی ئێران و پاشان تووشبوونی بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە و بە ناچاری ئاشکراکردنی هەبوونی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە و دانپێدانانی لەلایەن ڕێژیمەوە کە بەم حاڵەشەوە هێشتا یەک لە پێنجی ئاماری تووشبووان و قوربانییەکان بڵاو دەکاتەوە، لەم کارەساتە مرۆییە بە قازانجی ئامانجە قڕێژەکانی خۆی کاڵکاژۆی سیاسی وەردەگرێت و لێرەشدا هەر خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی کوردستانی خۆرهەڵات باجەکەی دەدەن کە نموونەی زۆر ڕوونیش شاردنەوەی ئەو قەیران و کارەساتەیە بەبۆنەی شانۆی هەڵبژاردنەکان و لە کۆتاییشدا دانپێدانانی خۆدی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم کە هاتە سەر شاشەی تیڤییەکان و بایکۆتی یەکگرتووانەی نەتەوەکانی ئیران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد لەو بەناو هەڵبژاردنانە و نەهاتنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە هۆکاری ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاند، لە کاتێکدا خۆیان پێش ئەو شانۆگەرییە نکۆڵییان لە هەبوون و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا دەکرد، ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەتی خۆدی خامنەیی ڕێبەری ئەو ڕێژیمە، لەسەر هەموو قەیران و کارەساتێک درۆ و چەواشە و پڕوپاگەندا بڵاو دەکەنەوە و دواتریش لێیان ئاشکرا دەبێت و لە ناچاریدا سات بە سات قسەکانی پێشووتری خۆیان بە درۆ دەخەنەوە.
کۆرۆنا لەمپەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا
سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانە ڕێوڕسمەکانی نەورۆز لە هەموو شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان بەوپەڕی بەهێزیی ئیرادە و وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کراوە بە ناودێرکردنی نەورۆزەکان بە هێما کوردییەکان و بەتایبەتی هێماکانی خەبات و شۆڕشی نەتەوەیی کوردستان و بە زیندووکردنەوەی فۆلکلۆر و کەلوپەلە کۆنەوارەکانی کوردەواری و ڕێوڕەسمە شوڕشگێڕانەکان بە بەشداریی هەزاران کەسی و کۆسپنانەوەی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان، وەکوو دەسبەسەرکردنی ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکان، هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمەکان، شێواندنی ڕێوڕەسمەکان لەلایەن مۆرە و بەکرێگیراوەکانیەوە و یان لەوپەڕی بێدەرەتانیشیدا چاوەدێریکردنی ڕێوڕەسمەکان لەلایەن جاشەکانیەوە کە زۆر جاریش باوەڕی بە جاشەکانیشی نەبوو و هێزە سەرکوتکەرەکانی بە کەرەستەی سەربازییەوە هەناردووە بۆ چاوەدێری کردنی ڕێوڕەسمەکان، بەڵام بەم حاڵەشەوە دیسان ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەوپەڕی ورەی کوردانە و وزەی نەتەوەییەوە بەڕێوە دەچوون، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا و لە پاش ڕاگەیاندنی ڕاسان و پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات و ئاڵوگۆڕکانی تر کە لە ناوچەکە و بەتایبەت کوردستان هاتوونەتە ئاراوە، بوونەتە هۆکاری یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی ئیرادەی نەتەوەیی زۆر زیاتر لە پێشتر و پێکهێنانی کۆدەنگییەکی بەهێز کە جارێکی تر هەم ڕوو بە داگیرکەران و هەم ڕوو بە کۆمەڵگای نێونەتەوەییمان سەلماندەوە کە لەسەر داوا ڕەواکانمان لە جاران سوورترین و ئەو شێوە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان داگیرکەری دڕندە و تۆتالیتێری کوردستانی بە چۆکدا دەهێنا.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا نەتەنیا بووەتە گەورەترین لەمپەر بۆ بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا، بەڵکوو بووەتە هۆکارێکیش کە سەرجەم وڵاتانی جیهان لە بەرپرسانی باڵاوە تاکوو خەڵکی هەژار و کەمدەرەتان بەپێی ڕۆڵی ئاسایی پێشتر و لە ئاسایشدا کاروباری ڕۆژانەی خۆشیان بەڕێوە نەبن.
لێرەدا ئەوەی کە جێگای داخە ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێراندا کە زیاتر لە هەشتا ملیۆن ڕێژەی حەشیمەتیەتی و زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتەش خەڵکی بێدەرەتان و کەمداهات و هەژارن، جیا لەوەی کە بەهۆی سیاسەتە نابەرپرسانە و نەزانانەکانی ئەو ڕێژیمەوە هەژاری و قەیرانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەرهەڵدەدەن و بەرپرسانی خۆسەپێنی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێران لەباتی هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان بدەن، قەیران لەنێو قەیراندا دەخولقێنن کە ئەمەش دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و بەداخەوە لەم قەیران و کارەساتانەش زۆرتر خەڵکی کوردستان دەکرێنە ئامانج، نموونەی ئەم باسەش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قۆم بەهۆی ڕانەگرتنی گەشتە فرۆکەوانییەکانی ڕێژیم و بەتایبەت کۆمپانیای ماهانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لەگەڵ وڵاتی چین و گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ وڵاتی ئێران و بەتایبەت شاری قۆم و ڕەوانەکردنی ئاخوندە تووشبووەکانی ئەو ڤایرۆسە بۆ شارەکانی کوردستان.
لە سەرتای تازە گیرۆدەبووی شاری قۆم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەرەنەگرتنی ئەو ڤایرۆسە بۆ ناوچە و هەرێمەکانی تری وڵاتی ئێران، جیا لەوەی کە ڕێژیم حاشای لێ دەکرد و ئامارەکانی بڵاو نەدەکردەوە هەر وەکوو پێشتر ئاماژی پێ کراوە، هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەتی چالاکە جۆروجۆرەکان و تەنانەت هەندێک لە نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی خۆشیان لە بەناو پارلمانی ئەو وڵاتە داوایان دەکرد کە ئەو شارە لە هاوێرگە بخرێت و هاتوچووی شارەکانی تر لەگەڵ ئەو شارەدا بپچڕدرێت تاکوو ئەو ڤایرۆسە بڵاو نەبێتەوە و پێش بە تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە بگیردرێت، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر سەرەڕۆییەکانی خۆیان سوور بوون و جیا لەوەی کە هیچ بایەخێکیان بەو وڵاتە و خەڵک نەدا، بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندای "تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە سەرەتای هاتنەوەی ئیمام مێهدییە" پاساویان بۆ سەرەڕۆییەکانی خۆیان دەهێنایەوە، بەڵام کاتێک زانییان قەیرانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی ئێراندا قووڵ دەبێتەوە، وێڕای ئەوەی کە ئەو قەیرانەش داوێنی کوردستانی خۆرهەڵاتیشی گرتەوە و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ پێشگیری و کەمکردنەوەی نەدەدا، بەپێچەوانەشەوە کەسانی تووشبووی ڤایرۆسەکە و ئاخوندە تووشبووەکانی دەهەناردە شارەکانی کوردستان و هەوڵی ئەوەی دەدا کە کارەساتێکی مرۆیی لە کوردستاندا بخولقێنێت، بەڵام بە خۆشییەوە لاوانی وشیار و خۆبەخشی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا بەوپەڕی هەوڵ و توانای خۆیانەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ پێشگرتنی ئەو قەیران و کارەساتە مرۆییە دەدەن کە ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران پلانی بۆ داڕشتووە، بۆیە لەسەر داوای لاوان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی تەندروستی خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان بڕیاریان دا لە ماڵەوە بمێننەوە و تاکوو کاتی دیاریکراو نەیەنە دەرەوە، سەرەڕای ماندووبوونی پزیشک و پەرستارە دڵسۆزەکان و چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بۆ پاڵپشتی و ئەمەگناسی و سپاسێک لە بەرانبەر ئەو هەموو خەمخۆری و ماندووبوونەی ئەو دڵسۆزانە، بڕیار درا نەورۆزی ئەوسال (٢٧٢٠ی کوردی) بە نەورۆزی "پارێزەرانی ژیان" ناودێر بکرێت و خەڵک ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەڕێوە نەبەن و بە شێوەی بنەماڵەیی و لە ماڵەکانی خۆیاندا ئەو بۆنە نەتەوەییە بەرز ڕابگرن، بۆیە ئەوساڵ قەیران و کارەساتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەمپەرێکی گەورەیە لە بەردەم بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.