کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕاگەیاندنە ئاڵمانییەکان

00:18 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: میدیا و ڕاگەیاندنە ئاڵمانییەکان لە چل ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، باسیان لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لە دۆخی هەنووکەییی زاڵ بەسەر ئیران و هاوکات نیگەرانبوونیان لە خراپتربوونی دۆخی ئێران لە داهاتوودا کردووە.

کریستیەن بوتکرایت، هەواڵنێری ڕادیۆی دەوڵەتیی ئاڵمان، لە وتارێکدا لەژێر ناوی " لە شۆڕش چی ماوەتەوە؟" پەرژاوەتە سەر چل ساڵەی شۆڕشی ئێران.

ناوبراو لەم وتارەدا بە ئاماژە بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خەڵک به دژی ڕێژیمی پاشایەتی نووسیویەتی: بێڕەحمی و سەرکوت هەر بەردەوامە؛ بەپێی بەڵگەکانی ڕیپۆرتێرانی بێسنوور لە ساڵی ٥٥ هەتا ٨٨ زیاتر لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆسیە لە دادگاکانی ئێراندا دروست کراون و کۆمەڵێک حوکمی لەسێدارەدان بەرێوە چووە".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی به ڕەنج و سەختی لەم وڵاتەدا کردووە و وتوویەتی: شانۆگەری نوێترین کەرەستە جەنگییەکان و مانۆڕە نیزامییەکان به بۆنەی ٤٠ ساڵەی شۆڕشەوە ناتوانێت کەس فریو بدات.

بوتکرایت هەروەها باسی لەوە کردووە، کە زۆربەی لاوانی ئێرانی خوازیاری گۆڕانن؛ ئەوانن هیچ هیواییەکیان به چەکسازی سیستمی هەنووکەیی نییە و لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدانیش ماندوون، چونکه هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لە ژیانیاندا بەدواوە نییە.

ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی Ntvیش بە ئاماژە به کێشەکانی ئێران نووسیویەتی: تەنانەت منداڵانی بەرپرسەکانی رێژیمیش دەزانن که خەڵکی ئێران لە دۆخی هەنووکەیی ناڕازین.

پۆرتاڵی web.de لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "ئێران لە نێوان بێداری و بونبەستـ"ـدا نووسیویەتی: "٤٠ میلیۆن حەشیمەتی ئێران پاش شۆڕشی ٥٧ لەدایک بوونە و نیوەی حەشیمەتی ئێران وەکوو بەرەی ڕابردوو بیر ناکەنەوە و ئاڵۆزیی نێوان لایەنەکان و دۆخی نالەباری ئابووری لە کەس ناشاردرێتەوە".

ڕۆژنامەی ئوتریشیی ستانداردیش لە بابەتێکی تێروتەسەلدا، باسی لە پێداگری ژنان لە بەرانبەر خۆداپۆشینی زۆرەملێ، خواردنەوەی مەشرووب سەرەڕای قەدەغەبوونی و هاوسەرگیری سپی کردووە.

ئەم ڕۆژنامە لە زاری بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم نووسیویەتی: لە نێوان ٢٥٠ هەزار کەسێک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیندانین، گرووپێک کە چالاکی ژینگەپارێزین به سیخوڕی تۆماتبار کراون. زۆرتر لە ٤٠ ڕۆژنامەوان زیندانی کراون. کۆمەڵێک مامۆستا و چالاکی سێنفی و کرێکاری ناڕازی لە زینداندان. کۆمەڵێک کە کەمینە مەزهەبییەکان لە زینداندان. جیا لەمانەش، ئامارێک سەبارەت بەو کەسانەی کە لە لایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون لە بەردەستدا نییە".

لە درێژەشدا، بە ئاماژە به هەڵکشانی ڕۆژانەی نرخەکان و نرخی هەڵاوسان هاتووە: "٤٠ ساڵەی شۆڕشی ئێران هۆکاری شادمانی خەڵک نییە".